ئه‌وروپا

‎محەمەد سەڵاح: من یەكێكم لە باشترین یاریزانەكانی جیهان

یاریگا- محەمەد سەڵاحی میسڕی و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی باس لە داهاتووی دەكات و ئەوەی لە ڕابردوودا بەدەستیهێناوە و هەروەها باس لە میسی و ڕۆنالدۆش دەكات.

ڕۆژنامەی ” ئاس ”ی ئیسپانی چاوپێكەوتنێكی دوور و درێژی لەگەڵ ئەستێرە میسڕیەكە ئەنجامدا.

پێش هەموو شتێك خۆشحاڵین یەكەمجارە لەگەڵ ئێمە دیدارتان هەیە ، چۆنیت؟

سوپاس ، من باشم ، سوپاس بۆ بانگهێشتكردنەكەتان.

چ یارییەکی گەورەت بەرامبەر تۆتنهام کرد !

بەڵێ یاریەكی باش بوو ، یاریكردن بەرامبەر تۆتنهام هەموو كات سەختە، بەڵام لە كۆتاییدا بردمانەوە ، ئەوە گرنگە.

پێتوایە لیڤەرپول پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی پریمەرلیگ؟

پێموایە هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەوە ، بەڵام بەڵێ ئێمەش وەك یانەكانی دیكە بە باشی یاری دەكەین، بۆیە هیوادارم باشترین چانسی بردنەوەی پریمەرلیگمان هەبێت.

ڕات چییە دەربارەی جۆزێ مۆرینهۆ؟

پێشتر كارم لەگەڵ كردووە ، ڕاهێنەرێکی زۆر باشە ، زۆر یارمەتی یاریزانەكانی داوە مۆرینهۆ بینینێكی جوانی هەیە سەبارەت بە تۆپی پێ ، ڕاهێنەرێكی مەزنە ، دڵنیام كاری باش دەكات.

پێتوایە دەتوانیت بۆ جاری سێیەم پێڵاوی ئاڵتوون لە پریمەرلیگ دا بە دەست بهینیت؟

نازانم ، نامەوێت ئێستا ئەوە بڵێم ، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەمیشە لە هەوڵی تۆماركردنی گۆڵدام تا یارمەتی یانەكەم بدەم بۆ بردنەوە ، بێگومان چانسێكی باشم هەیە بۆ جاری سێیەم ببم بە گۆڵكار، بەلام گرنگترین شت بردنەوەی نازناوی پریمەرلیگە.

محەمەد سەڵاح لە دیمانەكەیدا لەگەڵ ئاس

ڕوووبەڕووبوونەوەی لایپزیگ چۆن دەبینیت لە قۆناغی 16؟

پێم وایە شتەكان لەم ساڵانەی دوایدا لە چامپیۆنسلیگ و پریمەرلیگ باش ڕۆشتووە لەگەڵمان ، چانسێكی گەورەمان هەیە بۆ بردنەوەی هەردوو نازناوەكە ، وەرزی ڕابردوو لە چامپیۆنسلیگ باش نەبووین، بەڵام ئەمساڵ بۆ هەردوو نازناوەكە دەجەنگین.

باسی بیرەوەریەکانتمان بۆ بکە دوای بردنەوەی چامپیۆنس لیگ لە واندا میترۆپۆلیتانۆ؟

یادەوەریەكی خۆشە ، ئەوە دووەم یاری كۆتاییمان بوو لەسەر یەك، لە یاری كۆتایی یەكەمدا تووشی پێكان بووم ، بەڵام لە دووەم یاری كۆتاییماندا بردمانەوە ، هەستێكی زۆر باش بوو ، یەكێك لە ساتە گرنگەكانی ژیانم بوو.

ئایا لە داهاتوودا پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆناوە دەكەیت؟

من پێم وایە ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا دوو یانەن لە لوتكەدان ، كەس نازانێ لە داهاتوودا چی ڕوودەدات ، بەڵام من تەنها ئێستا بیر لە بردنەوەی نازناوەكان دەكەمەوە لەگەڵ لیڤەرپول.

تا كەی بۆ لیڤەرپول یاری دەكەیت؟

ئەوە پرسیارێكی سەختە ، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ئێستا هەموو شتێك بەدەست یانەكەیە، بەدڵنیایەوە دەمەوێت لێرە ژمارە پێوانەییەكان بشكێنم ، بەلام سەبارەت بە بەردەوام بوونم هەموو شتێك لەدەستی یانەكەمدایە.

لە كۆتا یاری چامپیۆنسلیگدا شارەی كاپتنت بەست، هەستت چۆن بوو؟

لە ڕاستیدا بێ ئومێد بووم، خۆزگە توانیبام بۆ هەمیشە شارەی كاپتنیم لە دەست بوایە بەڵام ئەوە بڕیاری ڕاهێنەرە و دەبێت قبوڵی بكەین.

پێت وایە لە داهاتوودا یاریزانێك جێگای ڕۆنالدۆ و میسی بگرێتەوە؟

ئەوە زۆر سەختە یاریزانێك دیاری بكەیت، ئێستا یاریزانی گەورە هەیە بەڵام ئەوەی میسی و ڕۆنالدۆ لە جیهانی تۆپی پێدا كردوویانە سەرسوڕهێنەرە، بەدڵنیایەوە ڕەنگە هاندەران ناوی منیان لە بیر بێت، بەلام پێم وایە ئەوەی ئەو دووانە كردوویانە زۆر نایاب بووە،

ئایا ئێستا خۆت بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکان دەزانیت؟

بەڵێ بێگومان ، كاتێك دەگەڕێمەوە و سەیری ڕابردووم دەكەم، هەست دەكەم شتێكی تایبەتم بەدەست هێناوە ، هەموو یاریەك هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم بۆ یانەكەم تا باشترینیان پێشكەش بكەم.

ئەگەر یاریزان نەبوویتایە حەزت لە چی بوو؟

شتێكی سەخت دەبوو ، من لە تەمەنی 10 ساڵیەوە یاری تۆپی پێ دەكەم ، هەموو ژیانم تەرخان کرابوو بۆ ئەوەی ببم بە یاریزانی تۆپی پێ ، بەڕاستی نازانم دەمتوانی چی تر بكەم جگە لە تۆپی پێ ، زۆر بیرم لەوە نەكردووەتەوە ، هەموو ژیانم تۆپی پێ بووە.

 

چاوپێكەوتنی سەڵاح لەگەل ڕۆژنامەی ئاس

 

بابەتی زیاتر

Back to top button