ئەفریقائیسپانیائینگلتەراگرنگترین

محەمەد سەڵاح هاوکاریی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دەکات

لە نزیکەوە رێنموونی کاروانی وەرشیی دەکات

Yariga App

یاریگا –

محەمەد سەلاح، ئەستێرەی میسڕ و لیڤەرپوول، توانایەکی بێشومار لە هەمزە عەبدولکەریمی یاریزانی یانەی بارسێلۆنادا دەبینێت و دوودڵ نییە لەوەی لە نزیکەوە هاوکاریی بکات تاوەکوو رێنموونی کاروانی وەرزشیی بکات.

هەمزە عەبدولکەریم یاریزانێکە کە داهاتوویەکی گەورەی لە جیهانی تۆپی پێدا لەپێشە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەردەوام لە گەشەکردندا بووە. لە تەمەنی تەنیا 18 ساڵیدا، لە قۆناخێکدا دەژیت کە لە خەون دەچێت؛ سەرەتا بە گواستنەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا و ئێستاش بە بانگهێشتکردنی بۆ پێکهاتەی کۆتایی میسڕ بۆ مۆندیالی 2026. هەمزە بە شێوازێکی راستەوخۆ لە یاریکردن بۆ تیمی نیشتمانیی خوار 17 ساڵانەوە سەرکەوت بۆ تیمی یەکەمی فیرعەونەکان.


وا پێناچێت ئەم گەشەکردنە لێرەدا بوەستێت، چونکە ئەو دەنگدانەوەیەکی راستەقینەی لە وڵاتەکەیدا دروستکردووە، بە جۆرێک کە هەندێک کەس داوا دەکەن سێکوچکەیەکی هێرشبەریی خەونەکان لەگەڵ عومەر مەرمووش و محەمەد سەلاحدا پێکبهێنێت. سەلاح خۆی پەرەپێدانی هەمزە عەبدولکەریم زۆر بە جدی وەردەگرێت و لە یەکەم رۆژەکانی کەمپی مەشقی میسردا پێش مۆندیال، بووەتە رێنیشاندەری.

بەگوێرەی ئەو رۆژنامەنووسانەی رووماڵی تیمی نیشتمانیی میسر دەکەن، خودی محەمەد سەلاح لە دەستەی راهێنەران بە سەرکردایەتیی حوسام حەسەن داوای کردووە کە هەمزە عەبدولکەریم وەکوو هاوژووری ئەو دیاری بکرێت، تاوەکوو بتوانێت لەم بەهرەمەندە نوێیەی بارسێلۆناوە نزیک بێت و رێپیشاندەری یەکەم هەنگاوەکانی بێت لەگەڵ تیمی نیشتمانییدا.

متمانەی تەواو بە هەمزە
هەر ئەم راپۆرتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەلاح پێی وایە هەمزە خاوەنی بەهرەیەکی گەورە و توانای بونیادنانی کاروانێکی وەرزشیی سەرکەوتووە، ئەگەر بە هەمان جدییەتەوە بەردەوام بێت لە کارکردن و پەرەپێدانی خۆی.

لەبەر ئەو هۆکارەش، سەلاح پابەند بووە بەوەی لەگەڵ یاریزانەکەی بارسێلۆناوە بمێنێتەوە، ئامۆژگاریی بەسوودی پێشکەش بکات و لە هەموو کاتێکدا پاڵپشتی بکات. ئەو راستییەی کە ئەستێرەیەکی ئاستی جیهانی وەکوو هێرشبەرەکەی لیڤەرپوول هێندە گرنگی بە کاروانی وەرزشیی هەمزە عەبدولکەریم دەدات، گوزارشت لەو ئاستە بەرزە بەهرەمەندییە دەکات کە بارسێلۆنا توانی پێش یانە گەورەکانی دیکە دەستی بکەوێت، کە ئەوانیش ئارەزووی گواستنەوەیان دەکرد.
هەمزە عەبدولکەریم گەشتەکەی لە بارسێلۆنا بە هەمان ئەو سادەیییەوە دەست پێکرد کە ئێستا لەگەڵ تیمی نیشتمانیی میسردا نیشانی دەدات. تاوەکوو ئێستا، ئەو تەنیا بۆ تیمی خوار 19 ساڵانی بارسێلۆنا یاریی کردووە، ئەگەرچی پێشتر گفتوگۆ هەبووە لەسەر پەیوەندیکردنی بە تیمی یەکەمەوە بۆ ئامادەکارییەکانی پێش وەرز و تەنانەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا پرسیار لە هانزی فلیک لەو بارەیەوە کرابوو.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە وەڵامدا گوتی: “دەبێت چاوەڕوان بین. ئێمە پلانی ئامادەکاریی پێش وەرز دادەنێین و منیش پەرۆشم بۆ بینینی رووخسارە نوێیەکان”. بەمەش فلیک دەرگای بۆ هێرشبەرە میسرییەکە بەکراوەیی هێشتەوە ئەگەر بتوانێت ئاستێکی باش لە مۆندیالدا پێشکەش بکات.

دەرفەتەکان بۆ ئەم یاریزانە کەم نین، بە تایبەتی بە رەچاوکردنی کاریگەری و پێگەی گرنگی محەمەد سەلاح لەنێو تیمی نیشتمانیی باکووری ئەفریقادا. کاروانە وەرزشییە درێژ و پڕ لە نازناوەکەی، وای کردووە بە کۆدەنگی هەمووان وەکوو گەورەترین یاریزانی تۆپی پێی میسری لە مێژوودا بناسرێت. بۆ هەمزە، چوونەژێر چاودێریی “فیرعەون”ـەکەوە دیارییەکی بێپایان و کەم وێنەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button