بازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

کۆمەڵێک یاریزانی ئاست بەرز بێ یانەن

لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر گواستنەوەی دەیان یاریزان دروستکردووە

سەرەڕای ئاست بەرزی و مێژووی گەورەیان، کەچی لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا چەندین یاریزانی ئاست بەرز بەبێ یانەن.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرکی یانەکانی لە گواستنەوەی یاریزانەکان ئەستەم کردووە، ئەمەش وایکردووە چەندین یاریزان لە بازاڕەکان بەبێ یانە بمێننەوە. لە خوارەوە لیستی دیارترین یاریزانەکان ببینە.

ئیدێنسۆن کاڤانی – پاریس سانجێرمان

بەهۆی ئاست بەرزی نەیمار داسێلڤا و کیلیان مباپێ و ماورۆ ئیکاردی، ئیدێنسۆن کاڤانی گرێبەستەکەی نوێ نەکرایەوە ئەمە سەرەڕای تۆمارکردنی ٢٣ گۆڵ لە وەرزی رابردوودا. لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوودا یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکبوو لە گواستنەوەی کاڤانی، بەڵام ئەوکاتە پاریس سانجێرمان رێگەی بە چوونە دەرەوەی نەدا. ئێستاش کاڤانی بەبێ یانە ماوەتەوە.

ماریۆ گۆتزە – بۆڕووسیا دۆڕتمۆند

لە چەند وەرزی رابردوودا رۆڵی ماریۆ گۆتزێ لەگەڵ یانەی بۆڕووسیا دۆڕتمۆند کەمببووەوە، ئەمەش وایکرد زەردەواڵەکان گرێبەستەکەی نوێ نەکەنەوە و ئێستاش چاوی لەوەیە بچێتە یانەیەکی دیکە و جارێکی دیکە بدرەوشێتەوە، چونکە تەمەنی تەنیا ٢٨ ساڵە.

ناتانیاڵ کڵاین – لیڤەرپوول

لە دوای بەسەربردنی سێ ساڵ لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، لە هاوینی ئەمساڵ کڵاین لە دەرگای دواوەی ئانفێڵد بەڕێکرا و تەنانەت بەشداری لە ئاهەنگەکانی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگیش نەکرد.

کڵاین لە سەرەتای وەرزی رابردوو تووشی پێکان بوو و نەیتوانی بەشداری لە هیچ یارییەکی لیڤەرپوول بکات.

دانیێل ستۆریج – ترابزۆن سپۆر

یانەی ترابزۆن سپۆر لە مانگی ئاداری رابردوو دەستبەرداری دانیێل ستۆریج بوو، ئەمەش دوای رێککەوتنی هەردوولا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی. ئێستا یاریزانی پێشووی یانەی لیڤەرپوول بێ یانەیە.

خۆسێ کاییخۆن – ناپۆلی

دوای دەرچوونی لە ئەکادیمیای یانەی ریاڵ مەدرید، کاییخۆن دوو وەرزی سەرکەوتووی لە بێرنابیۆ بەسەربرد و لە ساڵی ٢٠١٣ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ناپۆلییەوە کرد، ئێستاش لە دوای بەسەربردنی حەوت وەرز لە سێریا ئەی، کاییخۆن بێ گرێبەستە.

کاییخۆن لە کۆی ٣٤٩ یاری لەگەڵ ناپۆلی ٨٢ گۆڵی کردووە و لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی کۆتاییهات.


ئالێکساندەر پاتۆ – ساوپاولۆ

دوای درەوشانەوەی لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧ – ٢٠١٣ لەگەڵ یانەی ئەیسی میلان، کەچی درەوشانەوەی ئەستێرەکەی پاتۆ کاتیی بوو و میلانی جێهێشت و بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەکانی کۆرێنتیانز، چێڵسی و ڤیاڕیال کرد.

لە ساڵی ٢٠١٩ گەڕایەوەی یانەی ساوپاولۆ و بۆ وەرزێک یاری بۆ یانەکە کرد و ئێستاش بە دوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button