ئیسپانیاگرنگترین

ئەو ماڵاواییەی پێشکەش بکەن کە شایستەیەتی؛ کڕووس داوایەک ئاراستەی ریال مەدرید دەکات

با لە دەرگا گەورەکەوە بڕوات

Yariga App

یاریگا –

تۆنی کڕووس پێش ئەوەی ببێتە دوایین یاریی ئەو بەرگریکارە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو لەم شەممەیەدا، رێزی لە دانی کارڤاخال گرت.

کڕووس و کارڤاخال لەپاڵ فرانسیسکۆ خێنتۆ، لۆکا مۆدریچ و ناچۆ فێرناندێز، تەنیا دوو یاریزانن لە کۆی 5 یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا کە 6 نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپایان بەدەستهێناوە.

ناوەڕاستکارەکەی پێشووی ئەڵمانیا وێنەیەکی خۆی لەپاڵ کارڤاخال، مۆدریچ و ناچۆ لە تۆڕی ئینستاگرام لەگەڵ پەیامێکی سۆزداریدا بڵاوکردەوە نوسیوویەتی:

مەدریدیستاکان، سبەی یەکێک لە مەزنترینەکان رۆیشتنی خۆی رادەگەیەنێت. یەکێک لە خۆمان! کەسێک کە هەمیشە بەهۆی رەفتارییەوە نموونە بوو. کەسێک کە لە هەر دۆخێکدا بە تەواوی توانای خۆیەوە بەرگری لە یانەی ریال مەدرید کرد. سبەی ئەو ماڵاوایییەی پێشکەش بکەن کە شایستەیەتی! با لە دەرگا گەورەکەوە بڕوات! وای لێبکەن هەمان ئەو هەستەی هەبێت کە من دوو ساڵ پێش ئێستا هەستم پێکرد! یاریکردن لەگەڵ تۆدا مایەی دڵخۆشی بوو. سوپاس دانی کارڤاخال.

View this post on Instagram

 

A post shared by Toni Kroos (@toni.kr8s)

کارڤاخال بە سێ ئیمۆجی دڵ وەڵامی هاوتیمە پێشووەکەی خۆی دایەوە. ئەو دوو یاریزانە لە 315 یارییدا پێکەوە لەنێو یاریگادا بوون.

ئەم وەرزە بۆ کارڤاخال ئاسان نەبوو، کە جارێکی دیکە بەهۆی پێکانەوە تووشی کێشە بوو و نەیتوانی ئەو بەردەوامییەی پێویست بوو بۆ مانەوە وەکوو یاریزانی سەرەکیی هەمیشەیی مەدرید یان مسۆگەرکردنی شوێنێک لە جامی جیهانیی داهاتوودا بەدەستبهێنێت. هاوکات هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ ئالڤارۆ ئاربێلوا لە ئاستێکی نموونەییدا نەبووە.

لەم جۆرە بارودۆخانەدا، کڕووس پاڵپشتیی خۆی بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەو نیشاندا و هاندەرانی بۆ پێشکەشکردنی ماڵاوایییەکی شایستە هاندا. بەرگریکارەکەی خەڵکی لێگانێس کە بە شێوەیەکی فراوان وەکوو یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی لای راستی مێژووی ریال مەدرید دادەنرێت، یانەکە بە کۆمەڵێک نازناوی ناوازەوە بەجێدەهێڵێت؛ 6 چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی لالیگا، 2 جامی شای ئیسپانیا، 6 جامی جیهانی یانەکان، 4 جامی سوپەری ئیسپانیا و 5 جامی سوپەری یوفا.

دانی کارڤاخال، بەرگریکاری ریال مەدرید

ئالاباش ماڵاوایی دەکات

دەیڤد ئالاباش ئەم شەممەیە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو ماڵاوایی خۆی لە ریال مەدرید دەکات.

چەندین هاوتیمی پەیامی سۆزدارییان بۆ ئەو بەرگریکارە نەمسایییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە، کە خودی کارڤاخالیش یەکێک بوو لەوان و بۆی نوسووە:
دەیڤد، چەند جێگەی شانازی بوو کە بۆ ماوەی 5 ساڵ ژووری خۆگۆڕینم لەگەڵ تۆدا بەش کرد. تۆ بە تەواوی ماناوە سەرکردەیەکی راستەقینەیت.

ڤینیسیۆس جۆنیۆریش پەیامێکی سۆزداریی ماڵاوایی بڵاوکردەوە و سوپاسی ئالابای بۆ سەرکردایەتی، کەسایەتی و میهرەبانییەکەی بەرامبەر خێزان و دۆستانی کرد.

دەیڤد ئالابا لە مەشقەکانی ریال مەدرید

چەندین یاریزان و کەسایەتی دیکەی پەیوەیست بە یانەکەوە  وەکوو جود بێلینگهام، ئانتۆنیۆ رۆدیگەر، تیبۆ کۆرتوا، ئێدێر میلیتاو، ئۆرێلیەن چوامێنی، رۆدریگۆ، ئاردا گولەر و مارسێلۆ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامی ماڵاواییان بۆ ئالابا نارد.

بابەتی زیاتر

Back to top button