ئیسپانیاگرنگترین

گرێبەستەکەی مۆرینیۆ لە قۆناخی کۆتاییدایە؛ پۆستێک بووەتە خاڵی ناکۆکی نێوان سپێشەڵ وەن و پێرێز

وردەکارییەکانی گەڕانەوەی مۆرینیۆ..

Yariga App

یاریگا –

چاوەڕوانییەکان بۆ گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ بێرنابیۆ خەریکە دەگەنە کۆتایی و رۆژ بە رۆژ وردەکاریی زیاتر لەسەر رێککەوتنەکەی نێوان راهێنەرە پورتوگالییەکە و کارگێڕیی یانەی شاهانە ئاشکرا دەبن.

ئەگەر هەموو شتێک بەگوێرەی پلانەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕوات، چاوەڕوان دەکرێت مۆرینیۆ گرێبەستێک بۆ ماوەی دوو ساڵ واژۆ بکات، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ وەرزی سێیەم بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، بەو مەرجەی لە دوو ساڵی یەکەمیدا نازناوی لالیگا بباتەوە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، سپێشەڵ وەن خۆی ئامادەکردووە تاوەکوو نزیکترین کەسەکانی لەگەڵ خۆی بباتە مەدرید، لەوانە’ یاریدەدەران جواو تراڵیهۆ، پێدرۆ ماچادۆ، ریکاردۆ فۆرمۆسینیۆ و شیکەرەوە رۆبێرتۆ مێرێلا، بەڵام یەک کێشەی سەرەکی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە؛ ئایا ئانتۆنیۆ دیاس، راهێنەری توانای جەستەییش دەچێتە ستافەکەوە وەکوو ئەوەی مۆرینیۆ داوای دەکات؟

ئامادەکاریی جەستەیی لەم وەرزانەی دواییدا لە ریال مەدرید بووەتە بابەتێکی هەستیار؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کاتێک کارگێڕیی یانەکە بڕیاریدا دەستبەرداری چابی ئاڵۆنسۆ ببێت، بەشێکی زۆری هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئاستی توانای جەستەیی تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ئیسماعیل کامێنفۆرت، لە خوار ئاستی داواکراوەوە بوو.

هەرچەندە دواتر ئەرکەکە بە ئالڤارۆ ئاربێلۆا سپێردرا، بەڵام سەرکردایەتیی مەدرید دەیویست ،ئانتۆنیۆ پینتوس، کە یەکێکە لە پیاوە متمانەپێکراوەکانی پێرێز، رۆڵێکی گەورەی لە لایەنی جەستەیی تیپەکەدا هەبێت و وەکوو بەشێک لە یانەکە بمێنێتەوە، هەمان شت بۆ لویس لۆپیزی راهێنەری گۆڵپارێزەکانیش راستە کە لەگەڵ کۆرتوا و لونین بەردەوام دەبێت.

پرۆفیسۆرەکەی مۆرینیۆ کێیە؟
مۆرینیۆ دەیەوێت دیاس بکاتە بەرپرسی یەکەمی ئامادەکاریی جەستەیی. دیاس کە تەمەنی 43 ساڵە، ناوبانگێکی گەورەی لە ئەوروپا هەیە و نازناوی دکتۆر و پرۆفیسۆری پێدراوە بەهۆی زانیارییە قووڵەکانی و شێوازە شیکارییەکەی. ئەو بووەتە یەکێک لە متمانەپێکراوترین پیاوەکانی مۆرینیۆ، بەتایبەت دوای ئەو سەردەمەی لە بێنفیکا پێکەوە کاریان کرد.

ئێستا، بڕیاردان لەسەر پۆستی راهێنەری جەستەیی پێدەچێت دوایین وردەکاری بێت کە مۆرینیۆ دەیەوێت یەکلایی بکاتەوە، پێش ئەوەی بە فەرمی لاپەڕەیەکی نوێ لە بێرنابیۆ هەڵبداتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button