ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

بەڕێوبەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا: کای هاڤێرتز یاریزانی ڕیاڵ مەدریدە

یاریگا- ئۆلیڤەر بێرهۆڤ، بەڕێوبەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نهێنی نەبیستراو لە سەر کای هاڤێرتزی یاریزانی لیڤەرکوزنەوە دەدرکێنێت لە بارەی پەیوەندی کردنی ئەو یاریزانە بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەگەرچی قسەکانی بە پێکەنینەوە کرد سەبارەت بە هاڤێرتز و چوونی بۆ ڕیاڵ مەدرید، بەڵام وەک ئاماژەیەکی گرنگ و جیددی لێک درایەوە. لە وەڵامی پرسیاری مارکا: چیمان پێ دەڵێیت سەبارەت بە کای هاڤێرتز؟ بێرهۆف گوتی: “ئەو یاریزانی ڕیاڵ مەدریدە (بە پێکەنینەوە)”

مارکا: هاندەرانی ڕیاڵ ئەم وەڵامەیان حەز لێ دەبێت!

بێرهۆف: دەزانم. بەڵام مەبەستم هەیە لەوە. ئەو بۆ ڕیاڵ دەگونجێت. زۆر گەنجە هێشتا، بەڵام خاوەنی هەموو شتێکە، بەهرە، تەکنیک، جەستەیی… یاریزانێکی تەواوە و زۆر بۆ ئێمە گرنگیی دەبێت. بەڵام پێویستە گەشە بکات.

مارکا: پێتوایە بۆ کێ یاری دەکات لە داهاتوودا؟

بێرهۆف: نازانم. بەڵام هیوادارم لە دۆخێکی باشدا بێت لەگەڵ ئێمە.

ئەم قسانەی ئەفسانە ئەڵمانییەکە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە سەرچاوەکان لە رۆژانی ڕابردوودا ئەوەیان بڵاو کردەوە یاریزانە درەوشاوەکەی لیڤەرکوزن داوای لە یانەکەی کردووە لە گواستنەوەکانی هاوینەدا ڕێگە بە ڕۆشتنی بدەن. بە زۆری ناوی چێڵسی ئینگلیزی وەک وێستگەی داهاتووی هاڤێرتز دەزانن.

بابەتی زیاتر

Back to top button