نەوەکەی سەڵاحەدین لەبەرچاوی ملیۆنان بینەری نێتفلێکس؛ نامۆ فازیڵ رکابەرە ئەمریکییەکەی خنکاند
شێرەکەی کوردان بە تەکنیکی 'خنکاندنی ئاناکۆندا' شکستی بە جەیک بەیبیانی ئەمریکی هێنا

یاریگا –
لە شەوێکی مێژووییدا، نامۆ فازیڵ، شەڕکەری ناوداری کورد، کە نمایشێکی بێوێنە و پڕ لە تاکتیکی پێشکەش کرد، توانی بە شەش خولەک و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش شکست بە جەیک بەیبیانی ئەمریکی بهێنێت.
ئەم یارییە کە لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی ‘MVP MMA 1’ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن پلاتفۆڕمی جیهانی ‘نێتفلێکس’ـەوە گوازرایەوە، ئەمەش وایکرد سەرکەوتنەکەی ئەم شێرە کوردە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانی بەخۆیەوە ببینێت.
وەکوو ئەوەی رۆژنامەی Art Threat لە راپۆرتە شیکارییەکەیدا ئاماژەی پێداوە، باڵادەستیی نامۆ لەسەر زەوی و جێبەجێکردنی تەکنیکی خنکاندنی ئاناکۆندا، نیشانەی تێپەڕاندنی قۆناخی لێدانی سەرپێ و گەیشتنە بە لووتکەی گشتگیری لە جیهانی هونەرە جەنگییەکان.

هێرشی بەیبیان و خۆڕاگریی قارەمانانەی نامۆ
جەیک بەیبیان، شەڕکەری بەهێزی کێشی مامناوەندی ئەمریکا، بە متمانەیەکی زۆرەوە هاتە نێو قەفەسەکەوە، چونکە لە پێشووتر پێنج سەرکەوتنی لەسەریەکی بە لێدانی کوشندە [KO] هەبوو. لەگەڵ لێدانی زەنگی دەستپێکردن، بەیبیان هێرشێکی توندی دەستپێکرد و بە لێدانی قورس و تەکنیکی خولانەوە ویستی یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
لەو گەڕەدا، یاریزانە ئەمریکییەکە لێدانێکی بەرزی مەترسیدار و ئەژنۆیەکی توندی ئاراستەی نامۆ کرد کە بەرگریی شەڕکەرە کوردەکەی خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە، هاندەرانی نێو هۆڵەکە لەسەر پێ پێشوازییان لەم گەڕە پڕ لە رووبەڕووبوونەوە و هەوڵەکانی خستنەسەر زەوی کرد، نامۆ لەو یارییە بە هۆشیاری و خۆڕاگرییەکی پۆڵایینەوە توانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و گەڕەکە بەبێ زیانی گەورە کۆتایی پێبهێنێت.
لە دەستپێکی گەڕی دووەمدا، هاوکێشەکە بە تەواوی گۆڕا؛ لایەنی جەستەیی و وزەی بەیبیان بەهۆی هێرشە توندەکانی گەڕی یەکەمەوە دابەزی، لێرەش نامۆ فازیڵ بە تەواوی باڵادەستی خۆی بەسەردا سەپاند.
کاتێک بەیبیان ویستی لە ژێر فشاری نامۆ رابکات، شەڕکەرە کوردەکە بە تاکتیکێکی خێرا و ناوازە چووە سەر ملی رکابەرەکەی و تەکنیکی خنکاندنی ناوداری ئاناکۆندای بە تەواوی جێبەجێکرد، تەنیا 58 چرکە لە گەڕی دووەم تێپەڕیبوو، کاتێک بەیبیان هیچ رێگەیەکی رزگاربوونی لەبەردەمدا نەما و ناچار بوو بە دەستلێدان لە زەوی خۆبەدەستدەوەدانی خۆی رابگەیەنێت پێش ئەوەی تووشی بێهۆشبوون یان زیانی جەستەیی قورس ببێت.


نامۆ فازیڵ کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لە کوردستان دەستی بە هونەرە جەنگییەکان کردووە و پێشتر چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆیی و هەرێمی بردووەتەوە، هەمیشە وەکوو شەڕکەرێکی خێرا لە لێدانی سەرپێ و شارەزای یاریی موای تای دەناسرا. زۆربەی چاودێران پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر یارییەکە بچێتە سەر زەوی، نامۆ تووشی کێشە دەبێت.
بەڵام سەرکەوتنەکەی شەوی رابردوو، کە حەوتەمین سەرکەوتنی بوو پێش کۆتایی هاتنی کاتی فەرمی، دەریخست کە نامۆ لەسەر زەویشدا هاوشێوەی سەرپێ کوشندەیە. لە راپۆرتی فەرمی رێکخراوی ‘Most Valuable Promotions’، کە بەڕێوەبەری پاڵەوانێتییەکە و شیکردنەوەی وردی گەڕ بە گەڕی شەڕەکە، هاتووە؛
نامۆ فازیڵ کە بە لێدانە بەهێزەکانی سەرپێ ناسراوە، ئاستێکی بەرزی لە یاریی سەر زەویدا نیشاندا و تەنیا لە 58 چرکەی گەڕی دووەمدا بە خنکاندنی ئاناکۆندا کۆتایی بە جەیک بەیبیان هێنا.

هەنگاوی داهاتوو بۆ ‘نەوەی سەڵاحەدین’ چی دەبێت؟
بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لەبەردەم چاوی ملیۆنان بینەری نێتفلێکس، نامۆ فازیڵ پێگەی خۆی وەکوو یەکێک لە بەهرەمەندترین شەڕکەرەکانی کێشی مامناوەند لە جیهاندا جێگیر کرد. ئەم نمایشە تەکنیکییە بەرزە سەرنجی رێکخراوە گەورەکانی وەکوو ‘UFC’ و ‘PFL’ـی بە تەواوی راکێشاوە.
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا رێکخەرانی MVP و پاڵەوانێتییە جیهانییەکان تاوەکوو چەند خێرا ناوی نامۆ دەخەنە ناو ریزبەندییە پێشەنگەکان؟ شەڕکەرێک کە خاوەنی لێدانی کوشندە، تەکنیکی بەرزی سەر زەوی و جەماوەرێکی دڵسۆزی کوردی و جیهانی بێت، رێک ئەو شتەیە کە دنیای مۆدێرنی MMA پێویستی پێیەتی.
دواتریش جەیک پۆڵ، رێکخەری یارییەکە، بە جۆرە لەسەر نامۆ دوا و ستایشی ئاستە بەرزەکەی کرد؛



