دوایین پێشهات؛ بێرناردۆ لەسەر دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆنا چی دەڵێت؟
ئاماژەیەک بۆ بارسا

یاریگا –
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هێشتا نایەوێت باسی یانە کاتالوونییەکە بکات: “هێشتا نامەوێت باسی ناوی یانەکان بکەم.”
بێرناردۆ سیلڤا دەیەوێت پێش دەستپێکردنی مۆندیال دۆخی داهاتووی خۆی یەکلایی بکاتەوە. ناوەڕاستکارە پورتوگالییەکە وەکوو یاریزانێکی ئازاد مانچێستەر سیتی جێدەهێڵێت و هێشتا بەدوای دەرفەتەکانی چوونی بۆ بارسێلۆنادا دەگەڕێت، هەرچەندە بارسا وەکوو گرێبەستێکی لەپێشینەی نابینێت.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێگەی ئاتلێتیک بێرناردۆ گوتی:
من بەدوای تیمێکدا دەگەڕێم کە بتوانم تێیدا بەردەوام بم لە رکابەریکردن، لە بەرزترین ئاستدا یاری بکەم، کە ئەمە هێشتا ویستی منە و شوێنێک خێزانەکەشم تێیدا دڵخۆش بن.
لەو خاڵەدا، بێرناردۆ سیلڤا ئاماژەی بەوەدا کە بە روونی دەیەوێت بۆ بارسا یاری بکات:
من دەمەوێت خێزانەکەم دڵخۆش بن. ئەمە لە ژیانمدا زۆر گرنگە. کچەکەم دەبێتە سێ ساڵ و هاوسەرەکەشم دووبارە دووگیانە، بۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەبینە خاوەنی منداڵی دووەممان. بیرۆکە و مەیلم هەیە (بۆ یانەی داهاتووم)، بەڵام بزانین چی روودەدات.
کاتێک راستەوخۆ دەربارەی بارسێلۆنا پرسیاری لێکرا، بێرناردۆ لە پێدانی وەڵامێکی روون خۆی بەدوور گرت و گوتی:
بارسا؟ نامەوێت باسی ناوەکان بکەم. بە راستی نازانم لە کوێ دەبم. تەنیا دەمەوێت چێژ لە کاتەکانم وەربگرم و سەرنج بخەمەسەر دوایین یارییەکانم لێرە. بە بریکارەکەمم گوتووە کە لە رۆژی 25ـی ئایاردا قسەی لەگەڵ دەکەم، رۆژێک دوای یارییەکەمان بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا.

مێندێش و هەوڵەکانی دیکەی لە ئەوروپا
بریکارەکەی، خۆرخێ مێندێش وەکوو دەگوترێت لە هەفتەکانی دواییدا لەگەڵ بارسێلۆنا قسەی کردووە بۆ ئەوەی یانەکە قایل بکات گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکەن، لانی کەم بۆ یەک وەرز. بێرناردۆ سیلڤا وەکوو دەگوترێت ئامادەیە مووچەکەی بە رێژەیەکی زۆر کەم بکاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی لە کامپ نۆو یاری بکات و لە شاری بارسێلۆنا بژی، کە بەشێک لە خێزانەکەی هەر لەوێ دەژین و خۆشی زۆر سەردانی ئەو شارە دەکات.
لەم نێوەندەدا لە ئیتالیا، یانەی یوڤێنتوس بە هەوڵی زۆر دەدات و پێشتر ئۆفەرێکی فەرمیی دوو ساڵەی بە بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک پێشکەش کردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆتۆ سپۆرت، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پێشتر چوونی بۆ خولی ئەمریکی و عەرەبستانی سعوودی رەتکردووەتەوە، چونکە ئەو تەنیا دەیەوێت لە رکابەریکردن لە بەرزترین ئاستی ئەوروپادا بەردەوام بێت.
بێرناردۆ هێشتا وەڵامی پێشنیارەکەی یوڤێنتوسی نەداوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی بارسێلۆنا دەکات.
https://yariga.net/260868



