یاسای قۆرخکاری؛ بۆچی لە ساڵی 2004ـەوە کەس نەیتوانیوە دژی فلۆرێنتینۆ پێرێز بەربژێر بێت؟
کەسێک هەیە بتوانێت بە 187 ملیۆن یۆرۆوە رووبەڕووی پێرێز ببێتەوە؟

یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی تەمەن 17 ساڵی رابردووی ریال مەدرید، بە بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە گۆمەکەی شڵەقاند.
پێرێز کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تاوەکوو ساڵی 2029 بەردەوام بوو، رۆژی سێشەممە داوای هەڵبژاردنی کرد و گوتی؛
هەر کەسێک لە سێبەرەکاندا دەجووڵێتەوە، با بێتە پێشەوە و بەربژێر بێت، با ئەندامانی یانەکە بڕیار بدەن.
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، لەبەر چەند هۆکارێک گەیشتن بە کورسی سەرۆکایەتی ریال مەدرید بۆ هەر رکابەرێک، خەونێکی ئەستەمە!
■ Why is it so difficult to run for the Real Madrid presidency?
■ Will we see another name come forward?
■ Why is Florentino Perez calling the election now?
■ And will it affect transfer plans or their Jose Mourinho talks?🔗 https://t.co/6Zsj32N1Bm pic.twitter.com/t3lPGLJyCM
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) May 14, 2026
بەربەستی 187 ملیۆن یۆرۆیی؛ چۆن پێرێز رکابەرەکانی سڕکرد؟
دواین جار کە ریال مەدرید هەڵبژاردنی راستەقینەی بە خۆیەوە بینی بە بوونی رکابەر، ساڵی 2004 بوو. لە ساڵانی 2009، 2013، 2017، 2021 و 2025، پێرێز بەبێ هەبوونی تەنانەت یەک رکابەریش وەکوو سەرۆک دیاریکراوەتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو یاسا توندانە دەگەڕێتەوە کە لە ئەیلوولی 2012 لەلایەن پێرێز خۆیەوە داهێنران.
بەگوێرەی دەستووری هەموارکراوی یانەکە، هەر بەربژێرێک دەیەوێت کێبڕکێ بکات دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت؛ دەبێت تەنیا هاووڵاتیی ئیسپانی بێت و لایەنیکەم 20 ساڵ بێت بە بەردەوامی ئەندامی یانەکە [Socio] بێت.
مەرجە کوشندەکە؛ پێشکەشکردنی بارمتەیەکی بانکی کە یەکسان بێت بە لە %15ـی بودجەی ساڵانەی یانەکە، کە دەبێت تەنیا لە سەروەتی تایبەتی بەربژێرەکە خۆی بێت و ناتوانێت پارەی هیچ کۆمپانیا یان وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بەکاربهێنێت.
کاتێک یاساکە لە 2012 دەرچوو، بودجەی یانەکە 518 ملیۆن یۆرۆ بوو [بارمتەکە نزیکەی 77 ملیۆن بوو]، بەڵام ئێستا بەهۆی گەشەی داراییەوە، بودجەی ریال مەدرید گەیشتووەتە 1.25 ملیار یۆرۆ، ئەمەش واتای ئەوەیە هەر رکابەرێک دەیەوێت دژی پێرێز بوەستێتەوە، دەبێت 187 ملیۆن یۆرۆ بارمتەی بانکی لە پارەی تایبەتی خۆی پێشکەش بکات!
رامۆن کاڵدێرۆن، سەرۆکی پێشووی یانەکە بە گاڵتەوە دەڵێت؛
باشتر بوو لە یاساکەدا بنووسرێت کە دەبێت ناوی بەربژێرەکە بە ‘فلۆ’ دەستپێبکات و ئەندازیاری تەلارسازی بێت.
رکابەرە گەنجەکە؛ ئێنریکێ ریکێلمێ
تاکە ناوێک کە ئێستا باس دەکرێت، بازرگانی بواری وزەی نوێبووەوە، ئێنریکێ ریکێلمێ تەمەن 37 ساڵە. ناوبراو لە نامەیەکی کراوەدا بۆ رۆژنامەی مارکا رایگەیاند کە توانای دارایی پێویستی هەیە، بەڵام رەخنەی توندی لە پرۆسەکە گرت و داوای کرد کاتی پێشکەشکردنی بەربژێربوون درێژ کرێتەوە، چونکە ئەم مۆڵەتە 10 رۆژییەی دیاریکراوە زۆر کەمە و دەرفەتی کارکردن نادات. دەنگۆ هەبوو کە رافایێل نادال، ئەستێرەی تێنسیش لە پڕۆژەکەیدا بێت، بەڵام نادال بە فەرمی تێوەگلانی خۆی رەتکردەوە.
بۆچی پێرێز ئێستا هەڵبژاردن دەکات؟
دوای وەرزی 2025-2026 کە تێیدا ریال مەدرید بێ نازناو مایەوە و کێشەی گەورە لە ژووری خۆگۆڕیندا دروست بوو، هاندەران لەنێو بێرنابیۆ هوتافی پێرێز بڕۆ’ـیان دەگوتەوە. پێرێز بەم هەنگاوە دەیەوێت کتوپڕ هێرش بکاتە سەر نەیارەکانی و پێش ئەوەی پڕۆژەیەکی بەهێز دژی دروستبکەن، تێکیان بشکێنێت.
ئەگەر تاوەکو 23ـی ئایار کەس بەربژێر نەبێت، رۆژی 2ـی ئایار پێرێز بە فەرمی بۆ خولێکی نوێ وەکوو سەرۆک رادەگەیەنرێت و دەست کراوە دەبێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکان و هێنانی جۆزێ مۆرینیۆ.



