
یاریگا –
راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە ئێستا لە ماتەمی کۆچی دوایی باوکیدایە، شێوازی سەرکردایەتییەکەی لەسەر بنەمای گوێگرتنی چالاک و هاوسۆزی بنیات ناوە، ئەو سیفەتانەی کە لە سەردەمی منداڵیدا تێیدا رەنگیان داوەتەوە.
لە پاسپۆرتەکەیدا ناوی “هانس-دیتەر فلیک” نووسراوە، بەڵام ئەو هەمیشە پێی باشتر بووە بە “هانسی” بانگ بکرێت. ئەمە وردەکارییەکی بچووک نییە؛ چونکە باوکی بەو شێوەیە بانگی دەکرد. ئەم ناوە کە زیاتر کەسییە وەکوو ئەوەی فەرمی بێت، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەشێکی گرنگی چیرۆکی ژیانی و ئەو پەیوەندییەی کە بە گوتەی فلیک خۆی، شێوازی تێگەیشتنی بۆ سەرکردایەتی دروست کردووە.
فلیک، کە لەگەڵ یانەی بایرن میونشن گەیشتە لووتکە و سێینەی مێژوویی بردەوە، لە چاوپێکەوتنێکی کۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی Süddeutsche Zeitung روونی کردەوە کە شێوازی بەڕێوەبردنی ژووری خۆگۆڕین پەیوەندییەکی زۆری بە منداڵی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ باوکییەوە هەیە.
راهێنەرەکەی بارسا تێگەیشتنی خۆی بۆ چەمکی دەسەڵات خستەڕوو، نەک وەکوو پێگەیەک بۆ داواکردنی سەرنج لەوانی دیکە، بەڵکوو وەکوو بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەش و گوتی:
من ئەو جۆرە بەڕێوەبەرە نیم کە بڵێم: ‘بە قورسی کار بۆ من بکەن و دواتر من هەموو ستایشەکان بۆ خۆم دەبەم’. ئەوە زۆر ئاسان دەبێت و شێوازی من نییە.
ئەم شێوازە، کە زۆر کەس وەکوو یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی وەکوو راهێنەر دەیبینن، لە خۆڕا دروست نەبووە. بە گوتەی فلیک بۆ تێگەیشتن لە شێوازی سەرکردایەتی ئەو، دەبێت سەیری رابردوو و کەسایەتی باوکی بکەیت. فلیک دەڵێت:
من زۆر سوپاسگوزاری باوکمم بۆ هەموو ئەو شتانەی بۆی فەراهەم کردم و دەزانم مەبەستی چی بووە. بەڵام ئەو کاتە هەمیشە ئاسان نەبوو.
فلیک بەبیر خۆی هێنایەوە کە لە منداڵیدا، هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی پێشبینی بکات دوای هەر بێئومێدییەک باوکی چۆن کاردانەوەی دەبێت. ئەو نادیارییە ناچاری کردووە هەستیارییەکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی کەش و تێگەیشتن لە مەزاجی کەسانی دیکە لە خۆیدا پەرەپێبدات. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو توانایە بوو بە شتێک کە لەگەڵ خۆیدا بردییە نێو جیهانی تۆپی پێی پیشەگەرانە.

هانزی دان بەوەدا دەنێت کە زۆر زوو فێری ئەوە بووە سەرنج بداتە کەشەکان. لەمەشەوە دەگاتە ئەنجامێک کە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە کارەکەی وەکوو راهێنەر و دەڵێت: “رەنگە لێرەوە توانای من بۆ تێبینی کردنی گۆڕانکارییەکان بەو وردییە سەرچاوەی گرتبێت.”
ئەم هەستکردنە کە لە ژینگەیەکی کەسیی سەختەوە لەدایکبووە، بووەتە ئامرازێکی بنەڕەتی لە ژووری خۆگۆڕیندا. فلیک بڕوای وایە دەستنیشانکردنی گرژی، ناڕەحەتی یان کێشەکان بە زوویی، دەتوانێت بۆ رێگریکردن لە گەورەبوونی ململانێکان یەکلاکەرەوە بێت.
مەشقە سەختەکان و گۆڕینی شێواز
بەگوێرەی رۆژنامەی Die Welt، فلیک هەروەها مەشقە زۆر توندەکانی لەگەڵ باوکی بەبیرهێنایەوە کاتێک لە منداڵیدا فێری تۆپی پێ دەبوو. ئەو ئەزموونانە بەشێکی کەسایەتییان دروست کردووە. لەو تەمەنەدا مەشقی دەکرد کە نزیک بوو لە ئاستی گەورەکان: لێدان بۆ گۆڵی بێ تۆڕ، راکردن بۆ هێنانەوەی تۆپەکان بە بەردەوامی و تاقیکردنەوەی خێرایی لەژێر فشاردا.

لە تەمەنی تەنیا 14 ساڵیدا، خەریک بوو ریکۆردی خێراترین یاریزانی تیمی یەکەمی Mückenloch بشکێنێت، شتێک کە باوکی بە شێوەیەکی سروشتی حەزی لێبووە.
بەڵام توندی ئەو پەیوەندییە کاریگەری لەسەر شێوازی راهێنەرایەتی ئێستای جێهێشتووە. فلیک بەبیری دەهێنێتەوە کاتێک شتەکان بە باشی دەڕۆیشتن، باوکی کەم قسەی دەکرد، بەڵام کاتێک شتێکی هەڵە هەبووایە، دڵنیایی دەدا کە تێی بگەیەنێت. ئەو ئێستا ئەمە وەکوو کێشەیەکی نێوان نەوەکان دەبینێت و پێداگری دەکات کە هەمیشە هەستی بە پاڵپشتی باوکی کردووە.
سەرەڕای ئەوەش، وەک راهێنەر، فلیک رێگەیەکی پێچەوانەی هەڵبژاردووە: ئگرنگییەکی بێوێنە بە پەیوەندی، پیاهەڵدان و سۆز دەدات. ئەو ژینگەیەی کە لە ماڵی داپیرە و باپیرەیدا بینیویەتی، یارمەتیداوە تێبگات بۆچی ئێستا پێی باشترە لە رێگەی متمانەوە سەرکردایەتی بکات نەوەکوو لە رێگەی رەخنەگرتن.



