
یاریگا –
شەڕێکی نوێ لە نێوان ڤالڤێردێ و چوامێنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامەی مارکا ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕێکی نوێ لە نێوان فێدێریکۆ ڤالڤێردێ و ئۆرێلیەن چوامێنی بووەتە هۆی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانەی ریال مەدرید.
بەپێی راپۆرتەکە، گرژییەکانی نێو پێکهاتەکە دوای رووداوێکی دیکەی سەخت لە نێوان ئەو دوو یاریزانەدا خراپتر بووە. سەرچاوە نزیکەکان لە یانەکە ئەو دەمەقاڵێیەیان وەکوو شتێکی زۆر جدی وەسف کردووە، کە تێیدا شەڕەکە بە خێرایی پەرەی سەندووە و بۆ جیاکردنەوەیان چەندین هاوتیمیان ناچار بوون دەستوەردان بکەن.
باس لەوە دەکرێت کە دۆخەکە بە رادەیەک توند بووە کە دواتر ڤالڤێردێ ناچاربووە بچێتە نەخۆشخانە. راپۆرتەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم پێکدادانەی دوایی تەنانەت خراپتر بووە لەو رووبەڕووبوونەوەی پێشوو کە گوایە لەم دواییانەدا لە ڤاڵدێبێباس روویدابوو.

مەترسیی رووداوەکە بووەتە هۆی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ناو ژووری جلگۆڕیندا و یاریزانەکان لە شوێنی راهێنانەکان ماونەتەوە، لە کاتێکدا یانەکە تاوتوێی ئەوە دەکات چۆن ئەو گرژییە زۆرە هێور بکاتەوە. ریال مەدرید ناچاربووە فایلێکی تەمبێکاریی دژی هەردووکیان بکاتەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، نیگەرانییەکی زۆر لە نێو ریال مەدرید هەیە سەبارەت بە دابەشبوونی نێوخۆیی و ئەو هەستەی کە کەشی ناو تیمەکە لەبری باشبوون، بەرەو خراپتربوون دەچێت.
سەرچاوەکانی نێوخۆی یانەکە بە مارکایان راگەیاندووە کە سەرلەبەیانی ڤالڤێردێ رەتیکردووەتەوە تەوقە لەگەڵ چوامینی بکات و راهێنانی زۆر توند دەستیپێکردووە و لە کۆتاییدا لە ژووری خۆگۆڕین شەڕێکی قورس دروست بووە. لە شەڕەکەدا بێمەبەست و بەبێ ئەوەی چوامێنی پاڵنەر بووبێت، فێدێ لێدانێکی بەهێزی بەرکەوتووە کە بووەتە هۆی برینێک و ناچاربووە بچێتە نەخۆشخانە، ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەریش لەگەڵیدا چووەتە نەخۆشخانە.



