ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

مۆتەکەی ژووری جلگۆڕین؛ چۆن ئەستێرەکانی ریال مەدرید سەری راهێنەرەکانیان دەخۆن؟

کێ دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەستێرەکانی یانەکە بکات؟

Yariga App

یاریگا –

لە ناوچەی هەرە هەستیاری یانەی ریال مەدرید، کە ژووری جلگۆڕینە، قەیرانێکی گەورە و قووڵ سەریهەڵداوە و یانەکە  لە هەنگاوەکانی کۆتاییدایە بۆ دیاریکردنی چوارەمین راهێنەر لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا.

رۆژنامەی سپۆرت لە راپۆرتێکدا هۆکاری کێشەکانی ژووری جلگۆڕینی یانەکە ئاشکرا دەکات و سەرجەم کێشەکان دەخاتەڕوو.

سەرەڕای ئەوەی ئالڤارۆ ئاربێلوا پاڵپشتییەکی رواڵەتیی ژووری جلگۆڕینی هەیە، بەڵام مانەوەی لە پۆستەکەی نزیکە لە ئەستەم. یانەکە بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت و خراپیی ئەنجامەکانی کۆتایی وەرز، بەتایبەت لە یارییەکەی دوایی بەرامبەر ریال بێتس، وێنەی راهێنەر و یاریزانەکانی زیاتر شێواندووە. ئاربێلوا دەبێتە قوربانییەکی دیکەی ئەو ژوورەی کە لە دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێوە، کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بووە.

بومەلەرزەکەی ئێمباپێ و شەڕی ئیگۆکان

پێش هاتنی ئێمباپێ، کۆمەڵێک یاریزان هەبوون کە تیپەکەیان گەیاندە لووتکەی ئەوروپا و لالیگایان بردەوە. ڤینیسیۆس و بێلینگهام کێبڕکێی باشترین یاریزانی جیهانیان دەکرد، بەهای ڤالڤێردی و کاماڤینگاش گەیشتبووە لووتکە. ئەم یاریزانانە پێگەی بەهێزیان هەبوو، بەڵام دەرکەوتنی کیلیان هەموو شتێکی گۆڕی. ئەستێرە فەرەنسییەکە وەکوو سەرکردەی پڕۆژە نوێیەکەی پێرێز هات و مووچەیەکی خەیاڵیی پێدرا. ئەمەش وای کرد ئەو یاریزانانەی پێشتر سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، هەست بە پەراوێزخستن بکەن و بە توندی بەرگری لە پێگە و مافەکانیان بکەن.

سێ قوربانی لە کەمتر لە ساڵێکدا

دەکرێت راهێنەرەکان هەڵەی تاکتیکییان هەبووبێت، بەڵام کاتێک کێشەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، دەبێت پەنجەی تۆمەت بۆ یاریزانەکانیش درێژ بکرێت؛

  • کارلۆ ئانچێلۆتی؛ لە کۆتا ساڵیدا هەوڵیدا خۆی لە کێشەکان بپارێزێت بۆ ئەوەی وێنەی خۆی وەکوو راهێنەرێکی سەرکەوتوو نەشێوێنێت. ئەو قبووڵی کرد کە ژوورەکە پڕە لە ئیگۆی ‘خۆبەزلزانین’ گەورە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆشایی نێوان ئەو و یاریزانەکان بەتەواوی دەرکەوت.

  • چابی ئاڵۆنسۆ؛ بەو ئامانجە هێنرا کە بە مستێکی ئاسنین کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات، بەڵام ئەوە بووە هۆی لەناوچوونی و رووبەڕووی گەورەکانی تیپەکە بووەوە؛ ڤالڤێردی ئامادە نەبوو لە یاریی بەرامبەر کایرات خۆی گەرم بکات، ڤینیسیۆسیش دوای گۆڕانکاریپێکردنی لە کلاسیکۆ راستەوخۆ دژی وەستایەوە. یانەکە پشتی یاریزانەکانی گرت و پڕۆژەکەی ئاڵۆنسۆی کۆتاییپێهێنا.

  • ئالڤارۆ ئاربێلوا؛ پەندی لە پێشینەکەی وەرگرت و هەوڵیدا نەرم بێت و دەسەڵات بداتە یاریزانەکان، بەڵام ئەوەش کاری نەکرد. کێشەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ کارڤاخال و سیبایۆس دەریخست کە گرژییەکان بەردەوامن. بەشێک لە یاریزانەکان دەیانەوێت ئاربێلوا بمێنێتەوە، نەک لەبەر لێهاتووییەکەی، بەڵکوو لە ترسی ئەوەی نەوەک راهێنەرێکی توندتر بێتە شوێنی.

ریال مەدرید لە دووڕیانێکی سەختدا

ئێستا کارگێڕیی ریال مەدرید باجی ئەوە دەدات کە دەسەڵاتی رەهای داوەتە ژووری جلگۆڕین، کەچی ئەنجامەکان کارەساتبارن؛ دیاریکردنی چوارەمین راهێنەر لە ماوەی ساڵێکدا، پێمان دەڵێت کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بەردەوام دەبێت لە ملکەچبوون بۆ ئەستێرەکان، یان بڕیارێکی چارەنووسساز و بوێرانە دەدات؟

بابەتی زیاتر

Back to top button