
یاریگا –
جێرارد پیکێ لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز هاوڕایە پێی وایە هەموو ساڵێک شەڕ روو دەدات و ئەوە شتێکی ئاساییە.
بەرگریکارەکەی پێشووی بارسێلۆنا پێی وایە رووداوەکانی وەکوو ململانێی ئەم دواییەی نێوان فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆرێلیەن چوامێنی، لەنێو ژووری خۆگۆڕینی تۆپی پێدا لە ماوەی وەرزێکی درێژدا شتێکی باون.
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی هاندەرانی ریال مەدرید لە رۆژانی رابردوودا، ئەو شەڕە بووە کە باس لەوە دەکرێت لەنێوان فێدی ڤاڵڤێردی و ئۆرێلیەن چوامێنیدا روویداوە. لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوێنێیدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز هەوڵیدا کێشەکە بچووک بکاتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە رووداوانە بە بەردەوامی لە تیمەکانی تۆپی پێدا روو دەدەن.
پێرێز گوتی:
بە لای منەوە زۆر خراپ دیارە و ئەوەی خراپتریشە ئەوەیە کە ئاشکرا کرا. من 26 ساڵە لێرەم و یەک ساڵ نەبووە کە دوو یاریزان…یان چوار… شەڕ نەکەن. هەموو ساڵێک روودەدات. یاریزانە لاوەکانمشتومڕ دەکەن: یەکێکیان شەق لەوی دیکە دەدات، ئەوی دیکەش وەڵام دەداتەوە و دواتر دووبارە دەبنەوە بە هاوڕێ. ئەوان دوو کوڕی نایاب و یاریزانی زۆر باشن. خەڵکی دەڵێن ئەمە کارەساتە و مەدرید وێران دەکات، بەڵام من زیاتر لە 20 ساڵە بەرگەی ئەم بارودۆخانەم گرتووە و هیچ شتێکیش رووی نەداوە.

جێرارد پیکێ، کە لە کاتی پەخشی راستەوخۆی کینگز لیگ’ـدا قسەی دەکرد، پشتگیری لە قسەکانی پێرێز کرد و گوتی شەڕی نێو ژووری خۆگۆڕین لە تۆپی پێدا بە تەواوی ئاساییە. پیکێ گوتی:
هەموو ساڵێک شەڕ لە ژوورە خۆگۆڕینەکاندا هەیە. فلۆرێنتینۆ وایگوت، من سەیرم نەکرد، بەڵام لەبارەیەوە خوێندمەوە. هەموو ساڵێک خەڵکی مشتومڕ یان شەڕ دەکەن، ئەوە شتێکی ئاساییە.
یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەروەها بە گاڵتەوە گوتی کە ئەو خۆی لە ماوەی کاروانی وەرزشیدا هەرگیز لە شەڕی جدی تێوەنەگلاوە.
پیکێ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
من لە ژیانمدا شەڕم لەگەڵ هیچ کەس نەکردووە. لێدانی کەسێک بە دارێکی گۆڵف، وەکوو ئەوەی ئاربێلوا ئەزموونی کرد، شتێکە و پاڵێکی بچووک لە کاتی نمایشکردنی ئاهەنگی بردنەوەدا، وەکوو ئەوەی بەسەر مندا هات، شتێکی دیکەیە. ئەوە زیاتر شەڕێکی خۆشەویستانەیە.



