
یاریگا –
وا دەردەکەوێت ئەندازیارەکەی بێرنابیۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە قەڵای سپی، بەڵام ئەمجارە پۆستێکی وەرزشیی لە ریال مەدرید وەردەگرێت.
هەفتەی رابردوو ماریۆ کۆرتێگانا، رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو و ناوداری تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردەوە، ریال مەدرید لەگەڵ تۆنی کرووس لە گفتووگۆدایە بۆ ئەوەی لەنێو یانەکە پۆستێکی هەستیاری پێ بسپێرێت کە خاوەن دەسەڵات و بەرپرسیارێتی گرنگ بێت، بەڵام بەبێ ئەوەی بە دیاریکراوی ناوی پۆستەکە بهێنرێت.
سەرچاوەکەی ئاماژەی بەوەش کردبوو کە تۆنی سێ ئەرکی سەرەکی لە ئەستۆ دەگرێت، هاوکاریکردنی یونی کالافات و خۆسێ ئانخێل سانچێز لە دیاریکردنی ئەو یاریزانانەی کە لەگەڵ فەلسەفەی یانەکە دەگونجێن، ئامادەبوون لە بنکەی مەشق و راهێنانەکانی ڤالدێبێباس بۆ پێدانی رێنمایی بە ئەستێرە گەنجەکان و هەروەها نوێنەرایەتیکردنی یانەکە وەکوو رووکارێکی دیبلۆماسی و وەرزشیی بەهێز بۆ ریال مەدرید لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.
ئەگەرچی دەنگۆکان باسیان لەوە دەکرد کە کرووس دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی شاهانە، بەڵام ئێستا بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی کادینا سێر، ناوەڕاستکارەکەی پێشووی ئەڵمانی دەبێتە راوێژکاری ریال مەدرید لە بڕیارە ستراتیژییەکانی یانەکە.
ئەندازیار دەگەڕێتەوە؛ ریال مەدرید و تۆنی کرووس لەسەر مێزی گفتووگۆن



