
یاریگا –
سیسک فابریگاس، ئەستێرەی پێشووی ئارسیناڵ، بارسێلۆنا و چێڵسی، ئێستا لە ئیتاڵیا خەریکی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە؛ ئێستا کە تەمەنی 39 ساڵە، توانیویەتی یانەی کۆمۆ لە پلە دووەوە بگەیەنێتە لووتکەی ململانێی سێریا ئەی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.
فابریگاس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تێلێگراف ئاشکرای دەکات، کە لە تەمەنی 22 ساڵییەوە دەستیکردووە بە نووسینی یاداشت لەسەر ئەو راهێنەرانەی یاریی بۆ کردوون.
🚨 INTERVIEW: Cesc Fàbregas has taken Como from Serie B to the brink of Europe. Seemingly linked with every top job, he sat down with @Matt_Law_DT to discuss…
🔙 Chances of a Premier League return
📱 ‘Wenger messages me after games – he gives me a lot of courage’
🗣️ ‘I could… pic.twitter.com/9D8ruXlbB0— Telegraph Football (@TeleFootball) May 4, 2026
لە 22 ساڵییەوە دەفتەرێکم بۆ هەموو ئەو راهێنەرانە داناوە کە راهێنەرایەتییان کردووم، هەموو نهێنییەکانی ڤینگەر، کۆنتی و مۆرینیۆم لایە، بەڵام ئێستا متمانەی تەواوم بە خۆم هەیە و کەمتر سەیری ئەو یاداشتانە دەکەمەوە.
فابریگاس هێشتا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئارسن ڤینگەر هەیە و ئەو راهێنەرە فەرەنسییە دوای هەریارییەک نامەی بۆ دەنێرێت و هانیدەدات.
سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ پرێمەرلیگیش، فابریگاس بەم جۆرە لێدوانی بۆ تێلێگراف دا؛
بێگومان رۆژێک وەکوو راهێنەر دەگەڕێمەوە پرێمەرلیگ، چونکە باشترین خولی جیهانە، جارێک مۆرینیۆ پێی گوتم 30 ساڵ کاتت بۆ کارکردن هەیە، بۆیە دەتوانم 10 ساڵ لێرە بم و دوای 15 ساڵ بچمە ئینگلتەرا.
هەموو بڕیارە وەرزشییەکان لای منە
جگە لەوەی راهێنەرە، فابریگاس خاوەن پشکێکی کەمینەی یانەکەیە و لەلایەن خاوەنە ملیاردێرەکانی یانەکەوە متمانەی تەواوی پێدراوە و دەڵێت؛
هەموو بڕیارەکان من دەیاندەم، بۆ کڕینی یاریزانەکان بە داتا کار دەکەین، بەڵام دەبێت ئەو یاریزانە بێت کە من بڕوام پێیەتی.
فابریگاس کاتژمێر 7ـی بەیانی دەگاتە یانە و هەندێکجار تاوەکوو نیوەشەو دەمێنێتەوە.
من ئالوودەی کارەکەمم. تەنانەت هۆڵی وەرزشیی یانەکەشم خۆم دیزاینم کردووە. لە ڤینگەرەوە فێربووم کە دەبێت هۆڵی وەرزشی رووی لە یاریگای راهێنان بێت تاوەکوو یاریزانە پێکراوەکان بتوانن هاوڕێکانیان ببینن.
سەبارەت بە گەورەکردنی یاریگای یانەکەش دەڵێت؛
خەڵک دەیانگوت ئەم پیاوە گەمژەیە، بۆچی مەترێک یاریگاکەی گەورە کرد؟ بەڵام ئەو یەک مەترە جیاوازی دروستدەکات بۆ تیپێکی وەکوو ئێمە کە کۆنتڕۆڵی تۆپی دەوێت.
فەلسەفەی تۆپی جوان
راهێنەرە ئیسپانییەکە زۆر توندە لەسەر شێوازی یاریکردن و دەڵێت؛
من ناتوانم راهێنەرایەتی تۆپی درێژ و یاریی توند بکەم. ئەگەر یانەیەک ئەوەی بووێت، پیاوی ئەو کارە نیم. لێرەم بۆ ئەوەی تۆپی پێیەک پێشکەش بکەم کە خۆم بڕوام پێیەتی.



