ئیتاڵیاگرنگترین

کریستیان کیڤۆ بە شوێنپێی مۆرینیۆدا ئینتەری کردە پاڵەوان

Yariga App

یاریگا –

ئینتەر میلان ئەمشەو بە بردنەوە لە پارما پێش سێ هەفتە بەرلە کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵی، بووە پاڵەوانی خولەکە.

ئینتەر بە راهێنەرایەتی کریستیان کیڤۆ کە هاوینی ساڵی 2025 پۆستەکەی وەرگرت، ئەمشەو لە هەفتەی 35ی سێریائەی میوانداری پارمای کرد و توانی 2-0 یارییەکە بباتەوە، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 82 خاڵ کە ئەوەش بەسبوو بۆ بەفەرمی بوونە پاڵەوان لە وەرزی 2025-2026.

لەوەتەی ساڵی 2010 کاتێ خۆزێ مۆرینیۆ توانی نازناوەکە بۆ هەمان یانە، واتا ئینتەر بباتەوە، هیچ راهێنەرێکی نائیتاڵی نەیتوانیبوو ببێتە پاڵەوانی سکۆدیتۆ. ئەمشەو راهێنەرە رۆمانیەکە توانی ئەو گرێکوێرەیە بکاتەوە.

کیڤو وەک یاریزان یاری بۆ یانە ناودارەکانی وەک ئایاکس، رۆما و ئینتەر میلان کردووە. لەگەڵ نێرازووری توانیبووی سێ جار لەسەریەک نازناوەکە بباتەوە (لە ساڵەکانی 2007 تا 2010).

لە بواری راهێنەرایەتی پیشەگەرێتیدا، جگە لە پارما کە 13 یاریی سەرپەرشتی پۆستەکەی کرد و لە وەرزی 2024-2025 لە دابەزین رزگاری کردن، کیڤۆ تەنها راهێنەرایەتی تیمەکانی خوار 20 ساڵانی ئینتەر میلانی کردبوو.

ئەوە نازناوی یەکەم بوو بۆ کیڤۆ و 21هەمین بوو لە مێژووی ئینتەر میلاندا. راهێنەرە رۆمانیەکە دەرفەتی هەیە بیکاتە دووەم نازناو تەنها لەم وەرزە، بەوپێیەی یانەکەی سەرخستووە بۆ فیناڵی جامی ئیتاڵیا و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەرامبەر لازیۆ یاریی دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button