
یاریگا –
لە کاتێکدا ناوی یۆرگن کلۆپ وەکوو بەربژێرێکی بەهێز بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەهێنرێت، ئۆلیڤەر کان، گۆڵپارێزی پێشووی بایرن میونشن و ئەڵمانیا، بە گومانەوە لەم هەنگاوە دەڕوانێت و پێی وایە سروشتی یانەی شاهانە لەگەڵ شێوازە کارکردنی راهێنەرە ئەڵمانییەکە نایەتەوە.
کێشەی سیستەم بەرامبەر ئەستێرەکان
کان لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی سکای سپۆرتس، ئاماژەی بەوە کرد کە کلۆپ راهێنەرێکە حەز بە بونیادنان و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی دیاریکراو دەکات، بەڵام ریال مەدرید جیهانێکی تەواو جیاوازە.
نازانم ئەگەر لە جێگای کڵۆپ بم بە راهێنەرایەتی ریال مەدرید رازی دەبم یان نا، چونکە ریال مەدرید جیاوازە، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەن کە رەتیدەکەنەوە هیچ شێوازێکیان بەسەردا بسەپێنرێت.
بەراوردکردن بە ئەزموونی چابی ئەلۆنسۆ
کان پێی وایە ئەزموونی شکستخواردووی چابی ئاڵۆنسۆ لەو یانەیە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو بۆچوونەی خۆی. بە بڕوای ئەو، راهێنەر لە ریال مەدرید پێویستی بەوەیە متمانە دروستبکات، نەک تەنیا دەسەڵاتی بسەپێنێت، هەروەها دەبێت زمانی هاوبەش بدۆزێتەوە؛ بتوانێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەستێرەکان بکات تاوەکوو بڕوایان پێ بهێنێت بەو سیستەمەی ئەو دەیەوێت یاریی بکەن.
پۆستەکەی ئێستای کڵۆپ لە رێد بوڵ
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کلۆپ لە پۆستە کارگێڕییەکەی لە کۆمپانیای رێد بوڵ، کان پێی وایە ئەمە پۆستێک نییە کە کلۆپ بۆ ماوەیەکی زۆر تێیدا بمێنێتەوە.
نازانم کلۆپ لەوێ دەمێنێتەوە یان نا، چونکە بە بڕوای من ئەو راهێنەرێکە کە شوێنی لەسەر هێڵی دەرەوەی یاریگایە.



