
یاریگا –
ئەمشەو 2ـی ئایار کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، لە گەڕی 34ـی لالیگا، بارسێلۆنا دەبێتە میوانی ئۆساسونا.
رافینیا و مارک بێرنال بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن و مۆڵەتی پزیشکییان وەرگرتووە. باڵە بەڕازیلییەکە و یاریزانە کاتالوونییەکەی هێڵی ناوەڕاست دەستبەجێ لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەرەوە خرانە نێو پێکهاتەکەوە بۆ گەشتەکەی پامپلۆنا، کە تێیدا بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا بە ئامانجی نزیکبوونەوە لە 29ـیەمین نازناوی خولەکە رووبەڕووی ئۆساسونا دەبێتەوە.
یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ گەشتەکە بریتین لە:
گۆڵپارێزەکان: خوان گارسیا، چێزنی، ئێدێر ئالێر
بەرگریکارەکان: جواو کانسێلۆ، ئالیخاندرۆ بالدێ، رۆناڵد ئاراوخۆ، پاو کوبارسی، جێرارد مارتن، ئێریک گارسیا، چاڤی ئێسپارت
ناوەڕاستکارەکان: گاڤی، پێدری، فێرمین لۆپێز، مارک کاسادۆ، دانی ئۆلمۆ، فرێنکی دی یۆنگ، مارک بێرنال
هێرشبەرەکان: فێران تۆرێس، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، رافینیا، مارکۆس راشفۆرد، روونی بارداخچی
لامین یامال و ئاندرێس کریستنسن هێشتا پێکانیان هەیە، لە هەمان کاتدا ژوول کوندێ سڕکراوە و لە پێکهاتەکەدا نییە.
ئێسپارت بانگهێشتکراوە، کۆرتێس و تۆمی دوورخراونەتەوە
چاوەڕوان دەکرا رافینیا و بێرنال کە لە هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتبوونەوە، بگەڕێنەوە، وەکوو ئەوەی فلیک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی هەینیدا ئاماژەی پێکرد. چاڤی ئێسپارتی بەرگریکاری لاو لە پێکهاتەکەدایە، بەڵام ئالڤارۆ کۆرتێس و تۆمی مارکێس بانگهێشت نەکراون، چونکە ئەوان بۆ یارییە گرنگەکەی بارسا ئاتلێتیک بەرامبەر تۆرێنت لە خولی پلە دووی ئیسپانیا ئامادەن.
رافینیا بەشداریی لە یارییەکانی خول بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، ئیسپانیۆل، سێلتا و خێتافێ نەکرد، هەروەها هەردوو یاری چوون و گەڕانەوەی قۆناخی چامپیۆنزلیگ کە تێیدا بارسێلۆنا لەلایەن ئاتلێتیکۆوە کرایە دەرەوە. مارک بێرنال لە یارییەکەی خولدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ تووشی پێکان بوو و بە هەمان شێوە بەشداریی لە یارییە ئەوروپییەکەشدا نەکرد.



