ئارتێتا یارمەتی ریال مەدرید دەکات؛ ئارسیناڵ ئەستێرەیەکی مێرێنگێی بە ئامانج گرتووە
ئیتاڵییەکانیش گرنگی پێدەدەن

یاریگا –
لە ئینگلتەرا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ، دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی ریال مەدرید واژۆ بکات.
بە گوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ریال مەدرید پلانی هەیە لەم هاوینەدا چەند یاریزانێک بفرۆشێت، هەرچەندە لە سەرەتادا چاوەڕوان نەدەکرا کارێراس یەکێک بێت لەوان. ئەم بەرگریکارەی باڵی چەپ هاوینی رابردوو لە بێنفیکاوە بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەکەوە کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی ئەو گۆڕاوە. دوای سەرەتایەکی بەهێز، ئاستی دابەزیوە و لەم دواییانەدا لە یارییە گرنگەکاندا لەسەر کورسی یەدەک هێڵراوەتەوە، چونکە فێرلاند مێندی لە یارییە سەرەکییەکاندا پەسەند کراوە.

کارێراس تاوەکوو 2031 گرێبەستی هەیە، بەڵام گرنگیپێدان بەو روو لە زیادبوونە. لە پاڵ ئارسیناڵ، یانەکانی وەکوو ناپۆلی، مانچستەر یونایتد و یوڤێنتوس بە هەمان شێوە ئارەزووی گواستنەوەی ئەم بەرگریکارە چەپە دەکەن.
ئەگەر ئارسیناڵ بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە بچێتە پێشەوە، ئارتێتا دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی کردنەوەی دەرگا بۆ فرۆشتنی یاریزانەکە یارمەتی ریال مەدرید بدات.



