کۆمپانی لەژێر چاودێری وردی یوێفا؛ رێکارە توندەکانی یارییەکەی بەرامبەر پاریس سان جێرمان ئاشکرا دەکرێن
چاودێرێکی یوێفا بۆ کۆمپانی دادەنرێت

یاریگا –
تەنیا 24 کاتژمێر پێش یارییە چارەنووسسازەکەی باین میونشن بەرامبەر پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنزلیگ، وردەکاریی ئەو سزایە ئاشکرا کرا کە رووبەڕووی ڤینسێنت کۆمپانی بووەتەوە.
راهێنەرە بەلجیکییەکە سبەی شەو یەکێک لە قورسترین تاقیکردنەوەکانی ژیانی وەرزشیی بەڕێدەکات، نەک تەنیا لەبەر هێزی رکابەرەکەی، بەڵکوو بەهۆی ئەو گۆشەگیرییەی یوێفا بەسەریدا سەپاندوویەتی.

پرۆتۆکۆڵی سزادانی کۆمپانی چۆن دەبێت؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی بێڵد ـی ئەڵمانی، کۆمپانی سبەی بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؛
گەیشتن بۆ یاریگا؛ کۆمپانی دەتوانێت لەگەڵ پاسی تیپەکەدا بگاتە یاریگا (نزیکەی 90 خولەک پێش یارییەکە).
دابڕانی دەستبەجێ؛ هەر کە پاسەکە گەیشت، دەبێت کۆمپانی دەستبەجێ لە یاریزانەکان جیابێتەوە و مافی چوونە ژووری جلگۆڕینی نییە.
کاری ڕاگەیاندن؛ رێگەی پێدەدرێت چاوپێکەوتن بکات، بە مەرجێک هیچ تێکەڵی و پەیوەندییەکی بە تیپەکەیەوە نەبێت.
چاودێری لەنێو یاریگا؛ کۆمپانی لە کابینەیەکی تایبەت دادەنیشێت، بەڵام بە تەنیا نییە؛ چاودێرێکی فەرمیی یوێفا لە تەنیشتی دادەنیشێت تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە هیچ یاسایەک پێشێل ناکات.
قەدەغەکردنی مۆبایل؛ گەورەترین ئاستەنگ ئەوەیە کە کۆمپانی مافی بەکارهێنانی مۆبایل یان هەر ئامێرێکی پەیوەندیی نییە بۆ قسەکردن لەگەڵ یاریدەدەرەکانی؛ ئەمەش رێکارێکی توندی یوێفایە کە پێشتریش جێبەجێی کردووە.
پەرۆشی و نیگەرانییەکانی کۆمپانی
هەمان سەرچاوە ئەوەشی روونکردووەتەوە، کۆمپانی زۆر نیگەران و بێزارە لەم سزایە، چونکە بەوە ناسراوە کە وردەکاریی هەموو چرکەیەکی یارییەکە بە وردی دادەڕێژێت. هەرچەندە متمانەی تەواوی بە ستافەکەی هەیە، بەڵام بێبەشبوونی لە قسەکردن لەگەڵ یاریزانەکان لە کاتی پشووی نێوان دوو گێمدا، وەکوو گەورەترین گورز بۆ پلانەکانی دەبینرێت.



