
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە لە دژی بڕیارەکانی لالیگا دەوەستێتەوە و ئەمجارەیان سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو پڕۆتۆکۆڵە تۆمار دەکات کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، هەراسانکردن و توندوتیژی لە یاریگاکاندا داڕێژراوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید سکاڵای یاسایی لە دژی لالیگا تۆمار دەکات و دژی سیستەمێکی نوێی خولەکە دەوەستێتە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی دانراوە.
ئەم هەنگاوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بووەتە جێگەی سەرسوڕمانی یانەکانی دیکە و دامەزراوە وەرزشییەکان، چونکە ئەم پڕۆژەیە پشتیوانییەکی بەهێزی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاکانی پۆلیسی ئیسپانیای لەپشتە.
🚨🚨🚨 No dan crédito: ¡El Real Madrid demanda a LaLiga por el protocolo contra la discriminación, acoso y violencia en el fútbol!https://t.co/bHoAH6CSxs
— MARCA (@marca) April 26, 2026
پڕۆتۆکۆڵە نوێیەکە کە لە مانگی ئاداری رابردوو لەلایەن خاڤیێر تێباس و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا راگەیەندرا، ئامانجی توندکردنەوەی رێکارەکانە لە دژی گرووپە توندڕەوەکان و نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە ناو یاریگاکاندا. لە کاتێکدا یانەکانی وەکوو ئاتلێتیکۆ مەدرید و زۆربەی یانەکانی دیکەی لالیگا بە ئاشکرا دەستخۆشییان لەم کارە کرد، ریال مەدرید داوای پوچەڵکردنەوەی رێککەوتنەکە دەکات و پێی وایە لالیگا دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە.
بیانووی یاسایی ریال مەدرید ئەوەیە کە دەبێت ئەم پڕۆتۆکۆڵە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بێت بۆ یانەکان، نەوەک لالیگا بە شێوەیەکی زۆرەملێ بیسەپێنێت. یانە شاهانەکە لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان خۆیان پڕۆتۆکۆڵی تایبەت بە خۆیان هەیە و پێویستیان بەم سیستەمە نوێیە نییە، هەرچەندە مەدرید داوای کردبوو بە پەلە بڕیارەکە رابگیرێت، بەڵام دادوەر داواکارییەکەی رەتکردەوەتەوە و بڕیاریداوە گوێ لە وتەکانی لالیگا بگرێت پێش دەرکردنی هەر بڕیارێکی کۆتایی.
ئەم هەڵوێستە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوەندە وەرزشییەکان دروستکردووە و زۆرێک پێیان وایە ئەمە زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتی یانەکە دەگەیەنێت لە پرسە هەستیارەکانی وەکوو رەگەزپەرستی و توندوتیژی.



