ئیسپانیاگرنگترین

لە گرژی ژووری خۆگۆڕینەوە تاوەکوو کۆتاییەکی ئازاربەخش؛ واقعی ئێستای ریال مەدرید

یاریزانە نێودەوڵەتییەکان خۆیان لە مەترسی دەپارێزن

Yariga App

یاریگا –

تۆماس رۆنسێرۆ شیکاریی بۆ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید و ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر دەکات.

ریال مەدرید لە یاریگای لا کارتوخا بەرامبەر ریال بێتیس یەکسان بوو، لە کاتێکدا بارسێلۆنا لە یاریگای کۆلیسیۆم تاقیکردنەوەکەی بەرامبەر خیتافی تێپەڕاند. لە ئەنجامدا پێشەنگی خولەکە جیاوازییەکەی بۆ 11 خاڵ زیادکرد لە کاتێکدا تەنیا پێنج هەفتە ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وەرزەکە. بارسا لە ئێستاوە بۆ مسۆگەرکردنی نازناوەکە دەستی بە حسابات کردووە. ئەگەر لە ئۆساسونا ببەنەوە و مەدرید نەتوانێت لە ئیسپانیۆل بباتەوە، تیمەکەی فلیک دەتوانێت لە ماڵەوە ببێتە پاڵەوان. ئەگەر تیمەکەی ئاربێلوا لە پامپلۆنا بباتەوە، ئەوا بارسا دەتوانێت لەبری ئەوە لە کلاسیکۆدا نازناوەکە یەکلایی بکاتەوە.

مشتومڕی رێڕەوی ڕێزلێنان

ئێستا مشتومڕی نێوان هاندەرانی مەدرید لەسەر ئەوەیە ئایا رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسا دروست بکەن ئەگەر وەکوو پاڵەوان بێنە نێو کلاسیکۆوە یان نا. هەرچەندە هێشتا لە رووی بیرکارییەوە یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام هەست دەکرێت کە مەدرید چیدیکە توانای ئەوەی نەماوە تاوەکوو کۆتایی شەڕ بۆ نازناوەکە بکات.

رۆنسێرۆ لە بەرنامەی Carrusel Deportivo گوتی: “هیچ رێڕەوێکی رێزلێنان ناکرێت. من ملی خۆم کەچ ناکەم.”

لە لایەکی دیکەوە، خاڤیێر هێرایز رایگەیاند کە ریال مەدرید هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو رەفتارە لە کامپ نۆو نییە. رۆنسێرۆ بە توندی دژی ئەوە بووەوە، بە ئاماژەدان بە کەیسی نێگرێرا گوتی:

رێڕەوی رێزلێنان بۆ کەسانێک دەکرێت کە پاکن و بە ئارامی شەوانە دەخەون. نەوەکوو بۆ ئەوانەی بەخەبەردەمێننەوە و بیر لەوە دەکەنەوە کە رۆژێک ئاشکرا دەبن.

ئەم مشتومڕە رەنگدانەوەی دۆخی مەترسیداری یانەکەیە: ئەگەری دوو وەرزی لەسەریەک بەبێ نازناو.

ژووری خۆگۆڕین دژی ئاربێلوا

یەکێک لە نموونە روونەکانی نەبوونی یەکڕیزی لە نێوان راهێنەر و یاریزانەکاندا، دۆخی کاپتن دانی کارڤاخالە. ئاربێلوا وەکوو هەر یاریزانێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ کردووە، تەنانەت تۆنی قسەکردنیشی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی بێتیس گۆڕی.

هێرایز گوتی:

کارڤاخال بەشێکە لە ناسنامەی یانەکە و بە چەندین نەشتەرگەریدا تێپەڕیوە. لەوانەیە شایستەی چوون بۆ مۆندیال نەبێت، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت گومان بخاتەسەر پیشەگەریی یان کارەکەی، نابێت وەکوو یاریزانەکانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

رۆنسێرۆ لە بەرامبەردا گوتی:

من دڵنیام کە ماوەی مانگێکە هیچ ئازارێکی نییە. ئەوەی تەنانەت یەک خولەکیش یاری پێ نەکرێت، بێڕێزییە بەرامبەر بە کاپتنی ریال مەدرید.

ئەمەش وەکوو ئاماژەیەک بوو بۆ یەکێک لەو بڕیارانەی کە هاندەرانی توڕە کردووە. ئەو متمانە نەبوونەی بەرامبەر بە هەندێک یاریزان نیشان دەدرێت، وەکوو هێمایەکی لێکترازان و گرژی نێوان ژووری خۆگۆڕین و ستافی راهێنەران سەیر دەکرێت.

رۆنسێرۆ بە هێنانەوەی نموونەی دوورخستنەوەی دانی سیبایۆس بەرامبەر بێتیس گوتی: “ناکۆکییەکی روون لەگەڵ ئاربێلوا هەیە. ئەوە نیشانی دەدات کە ژووری خۆگۆڕین زۆر گرژ و ناسەقامگیرە.

ئێمباپێ و زیادبوونی نیگەرانییەکان

کیلیان ئێمباپێش کەوتە ژێر رەخنەی توندەوە دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە یاریگای جێهێشت بەبێ ئەوەی راوێژ بە راهێنەر یان ستافی پزیشکی بکات لە کاتێکدا مەدرید لە سێڤییا بە ئەنجام براوە بوو. ئەمە سەرباری پێکانەکانی ئێدێر میلیتاو و ئاردا گولەر، کە ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات کە یاریزانە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیال خۆیان لە مەترسی دەپارێزن.

رۆنسێرۆ گوتی:

ئەوان قەرزاری هاندەرانی ئەو یانەیەن کە پارەیەکی باشیان پێدەدات. یەکێک لە نائومێدییەکانی دوێنێ ئەوە بوو کە ئێمباپێ وا دەرنەدەکەوت کە بشەلێت، وا دیاربوو نەیدەویست هیچ مەترسییەک بخاتەسەر خۆی.

کۆتایییەکی ئازاربەخش لەپێشە

بەبێ بوونی هیچ نازناوێک بۆ شەڕکردن لەسەری، لە چاوەڕوانی بردنەوەی فەرمی لالیگا لەلایەن بارسێلۆناوە، رۆنسێرۆ پێشبینی کۆتایییەکی سەخت دەکات و دەڵێت:

دەکرێت ببێتە کۆتایییەکی ئازاربەخش و تەواو خەمناک بۆ وەرزەکە. ساڵی رابردوو، سەرەڕای هەموو ئەوەی لەسەر تیمەکەی ئانچێلۆتی گوترا، تەنیا بە جیاوازی چوار خاڵ لە دوای بارساکەی فلیکەوە کۆتاییان بە وەرزەکە پێهێنا.

رۆنسێرۆ هۆشداریشیدا کە ئەم وەرزە دەکرێت زۆر خراپتر کۆتایی بێت ئەگەر مەدرید بە “جیاوازییەکی گەورە و شەرمەزارکەر” لە دوای بارسێلۆناوە بێت، بەتایبەتی کە هێشتا کلاسیکۆ ماوە، کە تێیدا یانە کاتالوونییەکە دەتوانێت گورزێکی گەورەتر بوەشێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button