
یاریگا –
پۆلیسی دارایی ئیتاڵیا گەورەترین تۆڕی لەشفرۆشی و سپیکردنەوەی پارەی لە شاری میلانۆ ئاشکرا کرد، کە چەندین ناوی گەورەی جیهانی وەرزشی لەگەڵ ئەو تۆڕە تێوەگلاوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە نزیکەی 50 یاریزانی خولی ئیتاڵی، لە نێوانیاندا یاریزانانی هەردوو یانەی ئەیسی میلان و ئینتەر میلان، کڕیاری هەمیشەیی ئەم تۆڕە بوون. ئابڕووچوونەکە تەنیا لەشفرۆشی نەبووە، بەڵکوو بەکارهێنانی گازی پێکەنین ‘Nitrous Oxide’ وەکوو ماددەیەکی کات بەسەربردن لە ئاهەنگەکاندا، بەشێکی سەرەکی بووە لە چالاکییەکانیان.
🚨 Escándalo en Italia: cincuenta jugadores de la Serie A involucrados 💥 https://t.co/cQoiyhFpby
— MARCA (@marca) April 21, 2026
شۆفێرێکی فۆرمولا وەن و کچە بەڕازیلییەکە
یەکێک لە سوپرایزە گەورەکانی لێکۆڵینەوەکە، تێوەگلانی شۆفێرێکی بەناوبانگی فۆرمولا وەنە. لە رێگەی گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، دەرکەوتووە کە شۆفێرەکە لە رێگەی هاوڕێیەکیەوە داوای کچێکی بەپارەی کردووە و تۆڕەکەش کچێکی بەڕازیلییان بۆ ناردووە.
پووختەی لێکۆڵینەوەکە؛
دەستبەسەرداگرتن؛ پۆلیس دەستی بەسەر زیاتر لە 1.2 ملیۆن یۆرۆدا گرتووە کە لەم کارە نایاساییانە دەستکەوتووە.
جۆری خزمەتگوزاری؛ تۆڕەکە ئۆفەری ‘هەموو شتێک تێدایە’ـی پێشکەش بە وەرزشوانە دەوڵەمەندەکان کردووە، کە پێکهاتووە لە؛ خوانی شاهانە، شوێنی نیشتەجێبوون لە هۆتێلە ناوازەکان و کۆمەڵێک ئافرەت بۆ کاری سێکسی.
گازی پێکەنین؛ یاریزانەکان ئەم گازەیان وەکوو ماددەیەکی بێهۆشکەر و چێژبەخش لە ئاهەنگە تایبەتەکانیاندا بەکارهێناوە.
دۆخی یاسایی؛ تاوەکوو ئێستا چوار کەس لە بەڕێوبەرانی تۆڕەکە دەستگیرکراون، بەڵام یاریزانەکان وەکوو کڕیار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ناکرێت چونکە لە یاسای ئیتاڵیادا سێکسکردن بە پارە و رەزامەندی هەردوولا وەکوو تاوان هەژمار ناکرێت.
ئەم دۆسیەیە هەرایەکی گەورەی لە ناوەندە وەرزشییەکانی ئیتاڵیا دروست کردووە، بەتایبەت کە باس لەوە دەکرێت یەکێک لە ژنەکان بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێک لەو یاریزانە کڕیارانە، ئێستا دووگیانە.



