ئیسپانیادارایی وەرزشیگرنگترین

گەورەترین قەرەبوو لە مێژووی ئیسپانیا دیاریکراوە؛ لالیگا گورزێکی گەورە دەوەشێنێت

دادگا بڕیاریداوە

Yariga App

یاریگا –

لالیگا گورزێکی نوێ لە چەتەگەریی ئەلیکترۆنی دەوەشێنێت.

سکاڵایەکی نوێی لالیگا بووە هۆی دەرچوونی بڕیارێکی گەورەی دادگا دژی یەکێک لە گەورەترین تۆڕە نایاساییەکانی IPTV، کە تێیدا یەکێک لە گەورەترین قەرەبووەکانی مێژووی ئیسپانیا بۆ تاوانەکانی مافی خاوەن بەرهەم دیاریکراوە: 43 ملیۆن یۆرۆ.
لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەو رێکخراوەی کە خاڤیێر تێباس سەرۆکایەتی دەکات، بڕیارەکەی ژووری تاوانەکانی دادگای نیشتمانیی پشتڕاستکردەوە. تۆڕەکە بە ئەنجامدانی تاوان دژی بازاڕ و بەکارهێنەران، پێشێلکردنی مافی خاوەن بەرهەم و سپیکردنەوەی پارە تاوانبار کرا.

تێباس گوتی:

فێڵکردنی بینراو و بیستراو کێشەیەکی جددییە کە هەڕەشە لە مانەوەی پیشەسازییەکی سەرەکی ئابووریی ئەوروپا دەکات، وەکوو وەرزشە راستەوخۆکان. ئێمە شانازی بەم سزایە توندەوە دەکەین، کە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی چەتەگەریی ئەلیکترۆنی لە هەموو ئاستەکاندا نیشان دەدات، بەتایبەت دژی ئەو رێکخراوانەی لە پشتییەوەن.

لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن یەکەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی پۆلیسی ئیسپانیاوە ئەنجامدرا، بە پشتیوانیی یۆرۆپۆڵ و یۆرۆجەست. بڕیارەکە 12 ملیۆن یۆرۆ قەرەبوو بۆ کۆمپانیا زیانلێکەوتووەکان و زیاتر لە 30 ملیۆن یۆرۆ پێبژاردنی پەیوەندیدار بە سپیکردنەوەی پارە لەخۆدەگرێت.

ئەو تۆڕە کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی “داش، ئێرانییەکە – Dash, the Iranian” سەرپەرشتی دەکرا، لە رێگەی وێبسایتەکانی وەک rapidiptv.com و iptvstack.com کاری دەکرد. بە شێوەیەکی نایاسایی یارییەکانی تۆپی پێ، فیلم و زنجیرەکان، لەوانەش ناوەڕۆکی بابەتەکانی لالیگای بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەکارهێنەر لە 13 وڵاتی سێ کیشوەردا پەخش دەکرد، کە بڕی 17 ملیۆن یۆرۆ داهاتی بەدەستهێناوە.

بۆ سپیکردنەوەی پارەکە، گرووپەکە دەروازەکانی پارەدان، ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی، کۆمپانیا رووکەشییەکان و پسوولەی ساختەی بەکارهێناوە. بەگوێرەی لالیگا، بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی هەموو سەرچاوەکان و داخستنی هەمیشەیی دۆمەینەکان دەگرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button