
یاریگا –
ناوەڕاستکارە فەرەنسییەکە دوای وەرگرتنی کارتی سوور لە ئالیانز ئارێنا نەیتوانیوە لە گریان بوەستێت.
کەشی نێو ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید دوای دەرکرانیان لە میونشن بەرامبەر بایرن، زۆر گرژ و پڕ لە هەست و سۆز بوو. یاریزانان بە توڕەیی و بێزارییەوە لە بڕیارەکانی ناوبژیوان یاریگایان جێهێشت، لە کاتێکدا هێشتا پڕبوون لە ئادریناڵینی یارییەکە، بەڵام هەر کە چوونەنێو ژووری خۆگۆڕین، هەراوهوریا بە تەواوی وەستا کاتێک ئەو یاریزانەیان بینی لە ساتی سەرەکی یارییەکەوە گلابوو: ئێدواردۆ کاماڤینگا، کە بە تەواوی داڕووخا بوو.
ناوەڕاستکارە فەرەنسییەکە بە تەنیا بوو و بە کوڵ دەگریا. ئەوە وێنەی یاریزانێک بوو کە بە تەواوی درکی بەوە کردبوو هەڵەیەکی کردووە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چارەنووسی یانەکە هەبووە. سەرەڕای مشتومڕەکان لەسەر ناوبژیوان و هەستکردن بە نادادی بەرامبەر کارتە سوورەکە، کاماڤینگا بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ. دەیزانی کە دەبووایە رێگەی بە بەردەوامی یارییەکە بدابایە و بگەڕابایەوە شوێنی خۆی؛ دەرکرانەکەی وەکوو دوایین گورز بوو.

ئەو ساتە بۆ کاماڤینگا رەنگدانەوەی وەرزێکی زۆر سەخت بوو. لەم مانگانەی دواییدا لە باشترین ئاستی خۆیەوە دوور بووە، پێگەی خۆی لەنێو تیمەکە و لە پێکهاتەی سەرەکیدا لەدەستداوە بۆ یاریزانانی وەکوو تیاگۆ پیتارچ یان برایم دیاز و لە هەموو یارییەکاندا نیشانەی ئاستەنگی پێوە دیار بووە. لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئەو تۆپی پێیە داینامیکی و زاڵبوونەی بدۆزێتەوە کە لە ساڵانی سەرەتایدا هاندەرانی بێرنابیۆی سەرسام کردبوو.
گوشارەکان کاریگەرییان لەسەری هەبووە. یارییکردنی کە پێشتر پڕ بوو لە متمانە و وردی، ئێستا بووەتە یاریکردنێکی ناجێگیر. هەڵە لە پاسدان، دوودڵی لە بڕیاردان و نەبوونی متمانە بەخۆبوون، وایان کردووە ببێتە سێبەرێک بۆ ئەو یاریزانەی کە پێشتر هەبوو و کارتە سوورەکەی میونشن بووە لووتکەی زنجیرەیەک ئەنجامی نەرێنی کە چەندین مانگە پێوەی دەناڵێنێت.
کاماڤینگا بە تەواوی ئاگاداری دۆخەکەیەتی. دەزانێت کە ناوی لە بازاڕی گواستنەوەدایە و دەرفەتەکان لە یانەیەکی وەکوو ریال مەدرید بێسنوور نین. دوای یارییەکە کاتێک کەمێک ئارام بووەوە، پەیامێکی داوای لێبووردنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە؛ کورت، راستەوخۆ و راستگۆیانە. ئەمە ئاماژەیەکی روون بوو بۆ رەخنەگرتن لە خۆی و پابەندبوونی بە یانەکە.

لەنێو ژووری خۆگۆڕیندا یاریزانان ریزەکانیان یەکخستووە و هاوڕێکانی هەوڵ دەدەن لەم ساتە سەختەدا پشتگیری بکەن. سەرەڕای ئەمەش، وێنەیەی ژووری خۆگۆڕین لە میونشن لەگەڵ کاماڤینگایەکی تێکشکاو و چاوانی پڕ لە فرمێسک، شوێنەوارێکی قووڵی جێهێشت، چونکە جیا لە ئەنجامی یارییەکە، بینینی یەکێک لە بەختەوەرترین یاریزانەکانی پێکهاتەکە بەو شێوەیە، ئازاری هەمووان دەدات.
ئێستا ئاڵەنگاری گەورە بۆ لاوە فەرەنسییەکە ئەوەیە کە بگەڕێتەوە: متمانە بەخۆبوونی بەدەست بهێنێتەوە، شێوازی یاریکردنی بدۆزێتەوە و بیسەلمێنێت کە هێشتا دەتوانێت داهاتوویەکی بەهێزی لە ریال مەدرید هەبێت.



