بارسێلۆنا سەرسامی بەرگریکارێکی ئیتاڵیی هاوشێوەی کانسێلۆ دەبێت
بە کەمتر لە ساڵێک بەهاکەی دە هێندە زیادی کردووە

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا خەریکی پلاندانانە بۆ داهاتوو و لە هەفتەکانی رابردوودا چاودێریکردنی مارکۆ پالێسترا’ـی چڕتر کردووەتەوە. ئەم بەرگریکارە ئیتاڵییە وەکوو جواو کانسێلۆ دەتوانێت لە هەردوو لای یاریگا یاری بکات. پالێسترا کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ ئاتاڵانتایە و ئێستا بە خواستن لە کالیارییە، یەکەم وەرزی تەواوی خۆی لە ئاستێکی باڵادا بەسەر دەبات. ئاستە بەرزەکەی وایکرد یەکەم یاریی خۆی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە دوایین پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا بکات. بەگوێرەی ماڵپەڕی ترانسفەرمارکێت بەهای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانەکە 30 ملیۆن یۆرۆیە. جگە لە یانە ئینگلیزییەکان، ئینتەر میلان و یوڤێنتوسیش چاویان لەسەرە.
چاودێرانی بارسێلۆنا لە ئیتاڵیا بوون. لەپاڵ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هاوین کە ئالیساندرۆ باستۆنییە، ئێستا گرنگییەکی تایبەت بە پالێسترا دەدرێت. بڕیاری کۆتایی لەسەر کڕینی بەرگریکار بەندە بەوەی ئایا ژوول کوندێ یان ئالێخاندرۆ بالدێ لە یانەکە دەمێننەوە یان نا. هەروەها بارسا سەبارەت بە جواو کانسێلۆ لەگەڵ هیلالی سعوودی پێویستی بە دانوستان دەبێت.
لە بارسا، بەتایبەتی بە توانای پالێسترا بۆ یاریکردن لە هەردوو باڵەکەدا سەرسامن. یاریزانێکی هێرشبەرییە، لە رووی تەکنیکییەوە نایابە و هەردوو پێی بەهێزە کە ئەمە یەکێکە لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی. بەگوێرەی زانیاریی چاودێرەکان، لە بڕینی یاریزانانی بەرامبەر توانایەکی باشی هەیە. لە ناوچەی سزای تیمی بەرامبەردا دەتوانێت بە هەردوو ئاراستەکەدا بجووڵێت، ئەمەش وای لێدەکات بۆ بەرگریکاران پێشبینی نەکراو بێت. مارکۆ لە سێریا ئەی یەکێکە لە باشترین یاریزانەکان بۆ تۆپ خستنە نێو هێڵی سزا. لە هێرشبەرییدا، لە هەر یارییەک 3.4 تۆپ دەخاتە نێو هێڵی سزاوە، کە ئەمەش زۆر زیاترە لە کوندێ 1.5 تۆپ، کانسێلۆ 2.8 تۆپ و بالدێ 1.4 تۆپ.

کارگێڕیی وەرزشیی یانەکە لەسەر هێڵی بەرگری بۆ وەرزی 2026-2027 هێشتا پێویستی بە بڕیاردانە. بارسێلۆنا دەزانێت کە هەریەکە لە بالدێ و کوندێ خواستی یانەکانی دیکەیان لەسەرە. یانەکانی پرێمەرلیگ پرسیاری ئالیخاندرۆ بالدێیان کردووە، کوندێش لەژێر چاودێریی مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و چێڵسییە. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئایا وەبەرهێنان لە کڕینەوەی جواو کانسێلۆ بکەن یان نا، کە نرخەکەی نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەگەر بارسێلۆنا بڕیار بدات پالێسترا بگوازێتەوە، دەبێت دانوستان لەگەڵ ئاتاڵانتا بکات. یانەکەی بێرگامۆ مێژوویەکی بەهێزی هەیە لە کڕینی بەهرەمەندە گەنجەکان و فرۆشتنیان بە پارەیەکی زۆر، وەکوو ئەوەی لەگەڵ هۆیلوند، کۆپیماینەرز و کریستیان رۆمێرۆ روویدا.



