
یاریگا –
کارگێڕیی بارسێلۆنا و هانزی فلیک ماوەی چەندین مانگە بۆ ئامادەکردنی پێکهاتەی وەرزی داهاتوو پێکەوە کاردەکەن و هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت جواو کانسێلۆ بە فەرمی ببێتە یاریزانی یانەکە و چیدیکە بە خواستن نەمێنێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا و فلیک هاوڕان لەسەر ئەوەی پێویستە دوو یان سێ یاریزانی نوێ بهێنرێن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کێبڕکێکردن لەسەر هەموو نازناوەکان و بازدانێکی گەورە لە کوالێتی پێکهاتەکەیان بکەن کە تیپەکە لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ نزیک بکاتەوە؛ پاڵەوانێتییەک کە وەکوو خودی فلیک دانی بەوەداناوە، ئامانجی سەرەکی یانەکەیە دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لە قۆناخەکانی نیوەی کۆتایی و قۆناخی هەشتدا کراونەتە دەرەوە و لە ساڵی 2015ـەوە نەیانبردووەتەوە.
🔴🔵Cancelo será del Barça sí o sí
🔛El club azulgrana y el jugador apuestan por la continuidad del portugués la próxima temporada
✍️ @ferrancorreas https://t.co/A3gHrcT7Xm
— Diario SPORT (@sport) April 18, 2026
یەکێک لەو پێگانەی کە دەبێت بە گرێبەستێک بەهێز بکرێت، پێگەی بەرگریکاری باڵە و یانەکە پێی وایە دەبێت ئەو کەسەی لەو پێگەیە یاریی دەکات، کانسێلۆ بێت. یاریزانە پورتوگالییەکە لە دووەم قۆناخی یاریکردنیدایە لە سپۆتیفای کامپ نۆو، هەردوو جارەکە بە خواستن یاریی کردووە و ئەم هاوینە کاتی ئەوە هاتووە کە گرێبەستەکەی بە یەکجاری بکرێت.
کانسێلۆ دوای پێکانە درێژخایەنەکەی ئاندرێس کریستێنسن گەیشتە یانەکە و تاوەکوو ئێستا ئاستێکی زۆر باشی پێشکەشکردووە. بەهۆی یاریکردنی لە هەردوو باڵەکەی بەرگری، ئەو پێگەی سەرەکی لە باڵی چەپدا گرتووەتەوە بە قۆستنەوەی دەرفەتی پێکانەکەی باڵدی. لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسا 16 یاریی کردووە، یەک گۆڵی کردووە و سێ ئەسیستی هەیە.
رۆژنامەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، کانسێلۆ، کە لە رێگەی بریکارەکەیەوە، تەنیا بۆ یەک ئامانج هەوڵدەدات؛ مانەوە لە بارسا. نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ یانەی هیلالی سعودی و ئامادەیە مووچە بەرزەکەی کەم بکاتەوە تەنیا بۆ ئەوەی درێسی یانە کاتالوونییەکە بپۆشێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران) وایکردووە کانسێلۆ و زۆرێک لە یاریزانەکانی دیکە هەست بە نائارامی بکەن لە سعوودیە، ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە بووەتە فشارێکی زیاتر لەسەر یانەی هیلال تاوەکوو رازی بن بە فرۆشتنی یاریزانەکە بە نرخێکی گونجاوتر.
هەرچەندە کانسێلۆ تاوەکوو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ هیلال هەیە، بەڵام بارسێلۆنا گەشبینە بەوەی دەتوانێت بە بڕی نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی بە هەمیشەیی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە یانە سعودییەکە پێشتر 25 ملیۆن یۆرۆی پێدابوو، بەڵام فشاری یاریزانەکە و بارودۆخی دارایی بارسێلۆنا وا دەکات هیلال لە داواکارییەکانی بێتە خوارەوە.



