ئیسپانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

بوومەلەرزە لە ریال مەدرید؛ زریانێکی گۆڕانکاری هەموو پۆستەکان رادەماڵێت

شۆڕشی سپی؛ ریال مەدرید بەرەو گۆڕانکاریی ریشەیی

Yariga App

یاریگا –

کرانەدەرەوەی ریال مەدرید چامپیۆنزلیگ لەسەر دەستی بایرن میونشن، بێگومان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قۆناخێکی نوێ لە گێژاو و گۆڕانکاری لە یانە ئیسپانییەکەدا، کە رەنگە سەری رمەکەشی پێگەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری یانەکە بێت.

راهێنەرە تەمەن 43 ساڵانەکە، کە تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا شوێنی چابی ئاڵۆنسۆی گرتەوە، باجی ئەو سرووشتە بێبەزەییەی مەدرید دەدات چونکە دۆڕانە پڕ لە پشێوییەکەی نێو یاریگای ئالیانز ئارێنا، بەو مانایەیە کە ریال مەدرید ئەم وەرزە بەبێ هیچ نازناوێکی گەورە کۆتایی پێدەهێنێت.

چارەنووسی ئاربێلوا بەرەو کوێ؟

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بۆچوونی گشتی لە ناوخۆی ریال مەدرید ئەوەیە کە ئاربێلوا دەردەکرێت، بەڵام تاوەکوو کۆتایی وەرز لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە هیچ پاساوێک نییە ئێستا راهێنەرێکی نوێ بهێنرێت بۆ وەرزێک کە هیچ شتێکی تێدا نەماوە کێبڕکێی لەسەر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئارێلوا توانیویەتی تاڕادەیەک ئارامی بۆ ژووری جلگۆڕین بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی تاوەکوو مانگی ئایار دۆخەکە بە جێگیری بمێنێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کارگێڕیی یانەکە بیر لە گەورەترین ناوەکانی جیهانی تۆپی پێ دەکاتەوە بۆ شوێنگرتنەوەی ئاربێلوا. رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوی تۆڕە ئەمریکییەکە، ماریۆ کۆرتێگانا دەڵێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لیستێکی بەهێزی ئامادەکردووە، هەرچەندە هەر بەربژێرێک بارودۆخ و ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆی هەیە.

یۆرگن کڵۆپ
کڵۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، لەلای پێرێز رێزێکی زۆری لێ دەگیرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو ئەوە، تاوەکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان یانەکە و راهێنەرە ئەڵمانییەکەدا دروستنەبووە.

زینەدین زێدان
لە هەمان کاتدا، ئەفسانەی یانەکە زینەدین زێدان، هێشتا بژاردەیەکی دڵخوازی پێرێزە، بەڵام ئەو بەربەستەی لەبەردەم زیدانە و مێرێنگییە هەڵبژاردەی فەرەنسایە و چاوەڕوان دەکرێت لەدوای کۆتاییهاینی مۆندیال پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بگرتێتە ئەستۆ. ئەگەر زیدان ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەوا راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسا، دیدیێ دیشامپ وەکوو جێگرەوەیەک لەنێو یانە ئیسپانییەکە سەیر دەکرێت

ماوریسیۆ پۆچێتێنیۆ
لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت بەربژێری سەرەکی بۆ ئەم پۆستە ماوریسیۆ پۆچێتینۆ بێت. کۆرتێگانا ئاشکرای دەکات، پێرێز زۆر سەرسامە بە تواناکانی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، ئەمەش وایکردووە وەکوو بەهێزترین و سەرەکیترین ناو بۆ گرتنەدەستی سەرپەرشتیکردنی قەڵای بێرنابیۆ ببینرێت.

کێشەکان تەنیا لە راهێنەردا نین!

سەرچاوەکە لە زاری سەرچاوەکانی نێو یانەکە ئەوەشی زانیوە، بەرپرسانی یانەکە کۆکن لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری ریشەیی لە سەرجەم ئاستەکاندا پێویستە؛

  • هاوسەنگیی پێکهاتە؛ هەریەک لە ئانچێلۆتی و ئاڵۆنسۆ دەیانزانی کە پێکهاتەکە سەرەڕای بوونی ئەستێرەی زۆر، هاوسەنگ نییە. ئاڵۆنسۆ دوای دەرکرانی گوتبووی ئەستەمە راهێنەرایەتیی ئەم تیپە بکرێت، چونکە یاریزانەکان دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە و ئامادە نین بەرەوپێشبچن. هەروەها پێشتریش ستافی پێشووی ئانچێلۆتی بە یانەکەیان راگەیاندبوو دەبێت ئەستێرەیەکی گەورە بفرۆشرێت بۆ کڕینی یاریزانی بەرگری و ناوەڕاست.

  • قەیرانی پزیشکی؛ لە ساڵی 2023ـەوە یانەکە بەدەست پێکانە زۆرەکانەوە دەناڵێنێت. ململانێیەکی توند هەیە لە نێوان ستافی راهێنەران و ئانتۆنیۆ پینتوسی راهێنەری توانا جەستەیی. تەنانەت هەڵەی پزیشکیش روویداوە؛ لە مانگی کانوونی یەکەمدا، تیمی پزیشکی بە هەڵە پشکنینی تیشکی (MRI) بۆ قاچە ساخەکەی ئێمباپێ کردبوو لە جیاتی ئەژنۆ پێکراوەکەی!

  • ئیدارەدانی وەرزشی؛ دەنگۆیەکی بەهێز لەنێو یانەکە هەیە کە مەدرید پێویستی بە بەڕێوەبەرێکی وەرزشیی نوێ هەیە بۆ ئەوەی کڕین و فرۆشتنەکان رێکبخاتەوە و لە قۆرخکاریی چەند کەسێکی دیاریکراو دەربهێنرێت.

    لە کۆتاییدا، ئاتلێتیک ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئێستا، جۆرێک لە سەرلێشێواوی لە ناو کارمەندانی یانەکە هەیە بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گۆڕانکاریی گەورە دەکەن، کە رەنگە تەنیا راهێنەر نەبێت، بەڵکوو دەستەی کارگێڕی، تیمی پزیشکی و یاریزانەکانیش بگرێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button