
یاریگا –
سێسک فابریگاس بە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ لەگەڵ کۆمۆ تواناکانی خۆی وەک راهێنەری پیشگەر پیشانداوە و ئێستا بووەتە ئامانجی یانە گەورەکانی ئەوروپا.
فابریگاس لە هاوینی 2024 راهێنەرایەتی یانە ئیتاڵیەکەی گرتەدەست، بەو ماوە کەمە توانیویەتی سیمای یانەیەکی کێبڕکێکار ببەخشێتە کۆمۆ. بەجۆرێک لەم وەرزە بووەتە سەرئێشە بۆ زلهێزەکانی ئیتاڵیا و شەڕی بەدەستهێنانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گرایم بایلی رۆژنامەنووس، ئێستا فابریگاس بووەتە بژاردەیەکی دیکە بۆ کارگێڕی مانچێستەر سیتی تا لە ئەگەری رۆشتنی پێپ گواردیۆلا لەدوای کۆتایی وەرزەکە، بیکەنە راهێنەری سیتیزنس.
رۆژنامەنووسەکە ئەوەشی زانیوه کە پلانی سیتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ فابریگاس، ماوەدرێژ دەبێت و متمانەی گرێبەستێکی درێژخایەنی پێدەدەن.
بەوەش ئەو راهێنەرە ئیسپانیە دەبێتە پاڵوێراوێکی بەهێز لەپاڵ ناوی ئینزۆ مارێسکا.



