ئیسپانیا

ڕامۆس: تا پێشەنگمان نەگرتبوو ئەم هەموو ژاوەژاوە نەدەکرا!

 یاریگا- سێرجیۆ ڕامۆس، سەرکردەی ڕیاڵ مەدرید زۆری چاوەڕێ نەکردە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنە و توانجانەی گوایە یانەکەی سوود لە بڕیارەکانی ناوبژیوان و ڤار وەردەگرێت.

شەوی ڕابردووش مێرەنگی جارێکیتر سەرکەوتنی نووسیەوە، ئەم جارە لەسەر حیسابی ڕیاڵ مایۆرکا 2-0 کاتێک ڕامۆس بە لێدانێکی ڕاستەوخۆی نایاب گۆڵی دووەم و دڵنیایی تۆمار کرد، دوای یارییەکە بەرگریکارەکە گوتی: “هەموو ئەو ژاوەژاوەی دەکرێت، ئاساییە. هەمووی لەبەر ئەوەیە کە ئێستا ئێمە پێشەنگی ڕیزبەندیین. پێشتر ئە قسانە لە گۆڕێ نەبوون. پێم وانییە ناوبژیوانان هیچ بڕیارێکی پێشوەختە بدەن. وا دەردەکەوێت  کە ئێمە سوپاسی ناوبژیوانان بکەین بەوەی کە ئێستا سەرووی ڕیزبەندییەکەین. هەرگیز مەهێڵە خەڵکی چیرۆک و فیلمت بۆ دابهێنن.”

ئەو قسانەی ڕامۆس وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانی جێرارد پیکی کاتێک گوتی ڕیاڵ لەو یاریانەی ماویەتی هیچ خاڵێک لەدەست نادات. ئەوەش وا لێک درایەوە کە یانە مەدریدیەکە لەلایەن ڤار و ناوبژیوانانەوە یارمەتی دەدرێت.

ڕیاڵ بەو بردنەوەیە بواری نەدا بارسای ڕکابەری لە پێشەنگ بحەسێتەوە دوای بردنەوەکەی شەوی پێشووتری بلاوگرانا بەرامبەر ئەتڵەتیک بیڵباو. ئێستا بە هاوبەشی خاڵ و بە ئەنجامی یاریی ڕاستەوخۆی نێوانیان، شاهانەکان پێشەنگن دوای هەفتەی 31ی لالیگا.

بابەتی زیاتر

Back to top button