“هانسی فلیک دەتوانێت سیانە نازناوی وەرزەکە بباتەوە”
یاریگا- ئاست و ئەنجامەکانی بایەرن میونخ لە ژێر ڕاهێنەرایەتی هانسی فلیک گەشبینیەکی تەواوی بەخشیوە بە هاندەر و بەرپرس و نزیکەکانی یانە باڤارییەکە.
یۆب هاینکس، ڕاهێنەری پێشووتری بایەرن و یەکێک لە گەورە ڕاهێنەرەکانی مێژووی یانەکە، باوەڕی بەم تیمەی ئێستا هەیە لە ژێر سەرپەرشتی فلیکدا سێ نازناوەکەی وەرز بە دەست بهێنن، لە وتارێکدا کە ڕۆژنامەی ‘کیکەر’ی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت: “فلیک کەسایەتیەکی پڕ سۆز و ڕاشکاوە، ئەوەش وای لێ کردووە. ئەوە لە هەموو ئەو شتانە گرنگترە کە لە ڕووی تەکتیکەوە لە سەری دەگوترێت. خاڵی زۆر باش هەستی یاریزانەکانە کە لە یاریگاشدا پێیانەوە دیارە و ئەنجامی دەدەن. هەمیشە یانەی گەورە ئەوانەن کە گونجان و تێگەشتنی تێدا هەبێت. باشترین نموونە بۆ ئەوەش، بایەرنی ساڵی 2013یـە کاتێک سێ نازناوەکەی وەرزی بە دەست هێنا. هەمان ئەو سیفات و ڕۆحیەتە، لەم تیپەی ئێستاشدا هەیە.”
بایەرن بە ڕاهێنەرایەتی فلیک، نازناوەی بۆندسلیگای ئەم وەرزەی بەرز کردەوە و لە جامی ئەڵمانیاش گەشتۆتە یاری کۆتایی بەرامبەر لیڤەرکوزن. لە چامپیۆنزلیگیش هەنگاوێکی گەورەی ناوە بۆ قۆناغی هەشت، دوای ئەوەی لە یاری چووندا بە سێ گۆڵی بێ وەڵام لە چێڵسی بردەوە.