پریڤیوی یاریی ریال مەدرید V بێنفیكا؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

یاریگا –
ئەمڕۆ لە یاریی لووتكە و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پاشكۆی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید میوانداری بێنفیكا دەكات.
وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 23:00 بە كاتی هەولێر ریال مەدرید لە یاریگای بێرنابیۆی تایبەت بە خۆی میوانداری بێنفیكا بكات، لە میانی یارییەكانی قۆناخی پاشكۆی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
پڕۆفایلی یاریی

هەریەک لە یانەكانی ئارسیناڵ، بایرن میونشن، لیڤەرپوول، تۆتنهام، بارسێلۆنا، چێڵسی، سپۆرتینگ و مانچێستەر سیتی راستەوخۆ گەیشتنیان بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر كردووە.
یاریی چوون بێنفیكا لە یاریگای خۆی میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەش بە تاكە گۆڵێكی ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەكی 50 كۆتاییهات.
لە یاریی چوون چەندین رووداو روویدا كە لە دوای گۆڵەكەی ڤینیسیۆس چوویە بەردەم هاندەرانی بێنفیكا و سەمای دەكرد، پاشان جیانلوكا پرێستیانی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیكا لە بەردەم ڤینیسیۆس جونیۆر وشەی رەگەزپەرستی بەكارهێناوە و دواتر یارییەكە بۆ چەند خولەكێک راگیرا.
بێنفیكا بە بێ جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر كە لە یاریی چووندا بە كارتی سوور كرایە دەرەوەی یاریگا دەیەوێت لە ناو بێرنابیۆ و لە بەردەم هاندەرانی یانە شاهانەكەدا ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت.
لە بەرامبەردا خاوەن 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ دەیانەوێت رووداوەكانی یاریگای دا لوز لە لیسبۆن وەكو پاڵنەرێک بەكاربهێنن و بە تەواوی تواناكانیانەوە رووبەڕووی بێنفیكا ببنەوە.
زانیاری یاریی
هەردوو یانە لە مێژوودا 5 جار رووبەڕووبوونەتەوە، 3 جار بێنفیكا بردوویەتییەوە و 2 جار ریال مەدرید.
ریال مەدرید و بێنفیكا بۆ سێیەم یاریی لەم وەرزەدا رووبەڕوو دەبنەوە، یەكەم جارە لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا دوو یانە سێ یاریی بە دوای یەک لە وەرزێكی پاڵەوانیەتیەكەدا بكەن.
ریال مەدرید لە دوایین 23 یاریی قۆناخی كرانەدەرەوە لە 22 یارییدا گەیشتوونەتە قۆناخی داهاتوو كاتێک یاریی چوونیان بردبێتەوە.
بێنفیكا لە مێژووی بەشدارییكردنەكانی لە پاڵەوانییەتیە گەورەكاندا لە كۆی 8 یاریی كە یاریی چوون دۆڕابێت تەنیا یەک جا سەركەوتووە بۆ قۆناخی داهاتوو.
ریال مەدرید لە كۆتا 12 یاریی لە چامپیۆنزلیگ شەش یاریی دۆڕاوە و شەش یاریی بردووەتەوە.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
ریال مەدرید بە بێ كیلیان ئێمباپێ ، رۆدریگۆ، جود بێڵینگهام، دانی سێبایۆس و ئیدێر میلیتاو رووبەڕووی بێنفیكا دەبێتەوە.
بێنفیكا بە بێ جیانلوكا پرێستیانی و جواو فیلۆسۆ بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەكات.
پێكهاتەی پێشبینیكراوی ریال مەدرید
كۆرتوا
ترێنت ئارنۆڵد، رودیگەر، ئاسێنسیۆ، كارێراس
چوامینی، ڤاڵڤێردی، گولەر، كاماڤینگا
گارسیا، ڤینیسیۆس
پێكهاتەی پێشبینیكراوی بێنفیكا
توربن
دێدیچ، ئۆتامێندی، ئاراوخۆ، دال
ئارسنەس، ریۆس
لوكیباكیۆ، سێلڤا، شێڵدرۆپ
پاڤلیدیس



