
یاریگا –
هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ئاشت کردنەوەی هاندەرانی لە یاریگای فرانسۆهەریری رووبەرووی نەفت دەبێتەوە.
چوارشەممە ( 16ـی نیسانی 2025 ) لە دەسپێکی رۆژی یەکەمی یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتژمێر 7:30ـی شەو هەولێر لە یاریگای فرانسۆهەریری دەیەوێت بەسەرکەوتن بەرامبەر نەفت هاندەرانی ئاشت بکاتەوە، بۆ ئەم یارییەش هەولێر توانای عەباس یاسینی بۆ دەگەڕێتەوە بەڵام دیارنیە راهێنەر ناوی لە لیستی یاریزاندا زیاد دەکات یاخود بابۆ پەلە ناکات تاوەکو بە تەواوی چاک دەبێتەوە لە پێکانەکەی.
هەولێر و نەفت لە مێژوودا 45 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، کوڕانی قەڵاومنارە 16 یارییان بردۆتەوە و نەفت لە 14 یارییدا براوە بووە و لە 15 یارییشدا یەکسان بوونە، لە جامی عێراقیش وەرزی رابردوو بە لێدانی یەکلاکەرەوە نەفت هەولێری لە پاڵەوانێتیەکە دوورخستەوە.
لە سەرجەم رووبەرووبوونەوە فەرمیەکاندا هەولێر 56 گۆڵی کردووە و نەفتیش 51 گۆڵی تۆمار کردووە، یەکەم یاریی نێوان هەردوو یانە لە ساڵی 1985 لە یاریگای کەشافە لە بەغدا کرا لە یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی پلەدووی عێراق کە نەفت 1 _ 0 یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە خولی پلەیەکی عێراق، دواهەمین یاریی نێوان هەردوویانەش لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی ئەم وەرزە بوو کە هەولێر 2 _ 0 یارییەکەی بردەوە.
هەولێر بە 35 خاڵ لە ریزبەندی 12ـەی خولەکە دێت و گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات، نەفتیش 37 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.