
یاریگا –
یانەکانی ئەوروپا قازانجێکی خەریاڵییان لە فرۆشتنی درێسی یاریزانان کردووە.
رۆژنامەی مارکا راپۆرتێکی وردی لەبارەی قازانجی یانەکان بڵاوکردووەتەوە و ریال مەدرید لە سەرووی ئەو یانانەوەیە، کە زۆرترین قازانجی لە فرۆشی درێس کردووە.
سەرەڕای خراپی ئەنجامەکان، مانجێستەر یونایتد لە پلەی دووەمی پڕفرۆشترین درێسەکان دێت، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی گەورەی هەبووبێث.
هەرچەندە ئێستا مان یونایتد لە پلەی 14ی ریزبەندی پرێمەرلیگدا دێت، کەچی قازانجی وەرزی رابردووی لە فرۆشی درێس، گەیشتووەتە 200 ملیۆن یۆرۆ.
ریال مەدرید ساڵی رابردوو زیاتر لە 260 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشی درێسی یاریزانان قازانج کردووە.
ریال مەدرید قازانجێکی زۆر لە فرۆشی درێسەکانی دەکات، بە تایبەت ناوی چەندین سپۆنسەر لەسەر درێسی یانەکە هەیە. رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید نیوەی قازانجەکەی لە گرێبەستی یانەکە لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس دەستکەوتووە، هەروەها کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای ئیماڕات 70 ملیۆن یۆرۆی بە ریال مەدرید داوە و کۆمپانیای HP بۆ ئەلیکترۆنییات، ساڵانە بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ بە ریال مەدرید دەدات.
بارسێلۆنا بە 183 ملیۆن یۆرۆ و مانچێستەر سیتی بە 171 ملیۆن یۆرۆ و پاریس سانجێرمان بەبڕی 170 ملیۆن یۆرۆ لە پلەکانی سێیەم، چوارەم و پێنجەمدا دێن.
یانەکانی بایرن میونشن، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، چێڵسی و میلان لە پلەکانی دیکەدا دێن.