یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی جامی هەرێمی کوردستان لەم وەرزە لە پێش کۆتایی دووبارە دەبێتەوە
پێشمەرگە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات

یاریگا –
وەرزی رابردوو یاری کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئاکرێ و هەندرێن بوو، ئەم وەرزە لە پێش کۆتایی رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
لە قۆناخی هەشتی جامی هەرێمی کوردستان، هەندرێن لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2 _ 0 لە زانکۆی جیهانی بردەوە و گەیشتە یاریی پێشکۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، هەندرێن پێشووتر بەشێوەی تیروپشک گەیشتبووە قۆناخی هەشت، زانکۆی جیهانیش بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە دهۆکی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی جامەکە.
بە هۆی ئامادەنەبوونی چەمچەماڵ بەرامبەر ئاکرێ، بە فەرمی ئاکرێ بەبراوە دانرا و گەیشتە یاریی پێشکۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، لە یاریی پێشکۆتاییشدا ئاکرێ و هەندرێن بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، ئەم یارییە دووبارەی یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی جامی هەرێمی کوردستانە کە لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ بەڕێوەچوو هەندرێن 2 _ 1 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە، تا ئێستاش بریار نەدراوە ئەم یارییە لە یاریگای کام یانە دەبێت، بەهۆی ئەوەی هەردوو یانە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان براوە بوونە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تیروپشک دەکات بۆ دەستنیشانکردنی یاریگا.
سبەی دووشەممە ( 24ـی ئاداری 2025 ) کفری لە یاریگای خۆی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر یاریی دەکات، براوەی ئەم یارییە بەرامبەر زاخۆ یاریی دەکات لە یاریی پێشکۆتایی جامە، زاخۆ بەهۆی ئامادەنەبوونی برایەتی لە یارییەکە بەبراوە هەژمار دەکرێت.