رزگاری یەکەم یاریی خولی نایابی کوردستانی لە یاریگای خۆی دۆڕاند
زاخۆ هەنگاوێک لە کێبڕکێی ناسناوەکە دوورکەوتەوە

یاریگا –
رزگاری لە یاریگای خۆی شکستی هێنا و یەکەم شکستی یانەکەش بوو لە یاریگای خۆی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان.
لە گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستان، رزگاری لە یاریگای خۆی رووبەرووی هەندرێن بوویەوە و یارییەکەشی 1 _ 0 دۆڕاند، ئەم شکستەی رزگاری یەکەم شکستی یانەکەبوو لە یاریگای خۆی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان و دەبێتە یەکەم شکستیش لەمێژووی یانەکە لە نێو یاریگای خۆیدا، رزگاری بە 27 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم مایەوە و هەندرێنیش لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بە 32 خاڵ کەوتە ریزبەندی چوارەمی خولی نایابی کوردستان.
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئاکرێ یەکسان بوو، لە خولەکی 59 لەم یارییەدا عومەربیبۆ یاریزانی زاخۆ لێدانی سزای لەدەستدا، بەم یەکسان بوونەش زاخۆ هەنگاوێک لە کێبڕکێی شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر دوورکەوتەوە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە، زاخۆ بە شێوەیەکی کاتی و بە 42 خاڵ هاتە ریزبەندی دووەم و ئاکرێش بە 30 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی خولەکە دێت.
رانیە لەم گەڕەدا خۆی لە ناوچەی دابەزین رزگار کرد دوای سەرکەوتنی بەرامبەر پیشەسازی بە ئەنجامی 4 _ 2، رانیە بە 26 خاڵ گەیشتە ریزبەندی 11ـەم و پیشەسازیش بە 24 خاڵ کەوتە ریزبەندی 13ـەمی خولەکە و لە ناوچەی دابەزینە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان لە وەرزی داهاتوو.