ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان ئەستێرەیەکی لیڤەرپوولیان دەوێت
تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە

یاریگا –
لەوانەیە لیڤەرپوول لەپڕ دەستبەرداری تواناکانی ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول ببێت.
پێگەی فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان لیڤەرپوول و کۆناتێ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی روون بۆ مانەوەی لە ئانفیڵد نییە.
پێگە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆی نێوان هەردوو، لیڤەرپوول دەستبەجێ ناوی کۆناتێ دەخاتە نێو لیستی گواستنەوەکان.
ریال مەدرید لە سەرووی گرنگیپێدەران بە توانای یاریزانەکە دێت، چونکە ماوەیەکی درێژە ریال کار لەسەر دۆزینەوە و گواستنەوەی بەرگریکارێک دەکات.
لیڤەرپوول ئامادەیە بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری کۆناتێ ببێت. ناڕوونی گفتوگۆکان وایکردووە، چەندین یانەی ئەوروپی لە نێویاندا ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان بێنە سەرهێڵ و لە نزیکەوە چاودێری دۆخی یاریزانە فەڕەنسییەکە بکەن.