ریال مەدرید چاودێری سێ بەرگریکاری پرێمەرلیگ دەکات
مەدریدییەکان پلانی گواستنەوەی هاوینا دادەڕێژن

یاریگا –
ریال مەدرید پلانی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری داڕشتووە و چاودێری سێ بەرگریکاری پرێمەرلیگ دەکات.
رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید چاودێری هەریەکە لە جاراد برانسوەیت، بەرگریکاری ئێڤەرتن و ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول و دین هیوسنی بەرگریکاری بۆرنمس دەکات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە جاراد برانسوەیت بژاردەی سەرەکی مەدریدییەکانە، بەهای یاریزانەکە 90 ملیۆن یۆرۆیە و لە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێڤەرتن بەسەردەچێت.

پێشتر ئێڤەرتن ئۆفەرێکی مانچێستەر یونایتدی بۆ گواستنەوەی جاراد رەتکردووەتەوە، جیا لە مەدرید، هەریەکە لە لیڤەرپوول، چێڵسی و مانچێستەر سیتیش ئارەزوی گواستنەوەی دەکەن.
ئیبراهیما کۆناتێی ئەستێرەی لیڤەرپوول یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ریال مەدرید، لە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا بۆ نوێکردنەوەی لەگەڵ رێدز نەگەیشتووەتە رێککەوتن.

دین هیوسنی بەرگریکاری لاوی بۆرنمس بژاردەیەکی دیکەی بەرچاوی مێرێنگییە، بەهای یاریزانەکە گەیشتووەتە 60 ملیۆن یۆرۆ و خودی یاریزانەکە بەڕاشکاوی ئارەزوی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید نیشانداوە.
ریال مەدرید بەدرێژایی ئەم وەرزە بەدەست پێکانی بەرگریکارانی دەناڵێنێت، جیا لەوەش تەمەنی بەرگریکارانی هەڵکشاوە و پێویستی بە نوێکردنەوەی هێڵی بەرگری تیپەکەیەتی.
