هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی ڤینیسیۆس ئۆفەری ریال مەدریدی رەتکردەوە؟
ڤینی پەلەی نییە و چاوی لە چەندین ئامانجە
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/vinicius-jr-ca-osasuna-v-real-madrid-cf-laliga-ea-sports-2024-1200x675-1-780x470.jpg)
یاریگا –
ریال مەدرید گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر دەستپێکردووە، بەڵام ڤینی یەکەم ئۆفەری مەدریدی رەتکردەوە.
دواگرێبەستی ڤینی و ریال مەدرید لە ساڵی 2022 واژۆکرا و لە ساڵی 2023 ئاشکراکرا. گرێبەستە ملیارییەکەی ڤینی تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی بریتییە لە یەک ملیار یۆرۆ.
پێشتر لە راپۆرتێکی ورد و تێروتەسەلدا، تۆڕی وەرزشی یاریگا دوا پەرەسەندنەکانی دۆخی ڤینیسۆس و ئەگەرەکانی پەیوەندیکردن بە خولی رۆشنی سعوودییەوە روونکردەوە.
سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، لەڕێگەی خولی رۆشنەوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید دەکات و لە سەرەتای مانگی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی رابردوودا، پەیوەندیی تەلەفۆنی نوێ لە نێوان نوێنەری سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە و بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس هەبووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سعوودیە جیدی بوونی خۆی لە گواستنەوەی ڤینی دووپاتکردەوە، بەڵام هەوڵی فەرمی بۆ گواستنەوەی لە هاوینی داهاتوو روودەدات، نەک لە مێرکاتۆی ئێستای زستانە.
بۆمب؛ ڤینیسیۆس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە لە پەیوەندیدایە
دوای پەرەسەندنەکان، ریال مەدرید ئامادەیی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس پیشانداوە، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت چاوەڕێی پەرەسەندنەکانی ئەم وەرزە بکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ڤینیسیۆس دەیەوێت لەڕووی داراییەوە، قەرەبووی زیادبکات و وەکو باشترین یاریزانی جیهان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
مووچەی ئێستای ڤینیسیۆس دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش دوای لێبڕینی باخ و رسوومات.
کیلیان ئێمباپێ، هاوتیمی ڤینی نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆی تەواو (دوای باج) وەردەگرێت، بەڵام پاداشتی زۆری بۆ دابینکراوە و تاوەکو ئێستا ئاشکرانەبووە، جیا لە مووچەکەی، چەند پاداشت وەردەگرێت.
لەسەر داوای ریال مەدرید، لە ناوەڕاستی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ، نوێنەرانی هەردوولا، لە ڤالدێبێباس کۆبوونەوە و ئەندامێکی ماڵباتی ڤینیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
ریال مەدرید ئامادەیی بۆ زیادکردنی مووچەی ڤینیسیۆس دەربڕی و لەسەر ئەم بنەمایە ئۆفەرێکی نوێی پێشکەشکرد، بەڵام نوێنەری ڤنیسیۆس ئۆفەرەکەی رەتکردەوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن.
ڤینیسیۆس لە هاوینی ساڵی 2018 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە فلامێنگۆوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد.
ئەستێرە بەڕازیلییەکە 293 یاریی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، خاوەنی 101 گۆڵ و 83 ئەسیستە. ڤینی لەگەڵ مەدرید دوو چامپیۆنزلیگ، سێ لالیگا و دوو مۆندیالی یانەکانی بردووەتەوە.
ڤینی جونیۆر لەم وەرزەدا 28 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە، 16 گۆڵ و 10 ئەسیستی هەیە.