پێپ گواردیۆلا: ریال مەدرید پاشای چامپیۆنزلیگە
یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و بایرن میونشن دەكات.
شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی لە یاریگای خۆیدا میوانداری كڵەب بروجی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لێ بردەوە، لە میانی یارییەكانی گەڕی هەشتەمی قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ.
بەو ئەنجامەش مانچێستەر سیتی خۆی گەیاندە ریزبەندی 22ی چامپیۆنزلیگ و بەوەش دەبێت پلەی ئۆف تێبپەڕێنێت بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
مانچێستەر سیتی لە قۆناخی پلەی ئۆف رووبەرووی یەكێک لە یانەكانی ریال مەدرید یاخود بایرن میونشن دەبێتەوە.
رۆژی هەینی (31ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) کاتژمێر 14:00 (بە کاتی هەولێر) لە شاری نیۆن لە سویسڕا تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16 رادەکێشرێت.
FULL-TIME | Into the play-offs 💪
🩵 3-1 ⚫️ #ManCity | #UCL pic.twitter.com/BKLzywA04K
— Manchester City (@ManCity) January 29, 2025
لە دوای یارییەكە پێپ گواردیۆلا گوتی:
گەیشتینە قۆناخی داهاتوو، ئەمەش شتێكی باشە، وەرزێكی زۆر ناجێگیرمان هەیە، بەڵام ئێستا هەست بە ئاسوودەیی دەكەین كە سەركەوتنمان بەدەستهێناوە.
یاریكردن بەرامبەر بایرن یان ریال مەدرید زۆر قورس دەبێت، نازانم ئەوان بە یاریكردن بەرامبەر ئێمە دڵخۆش بن، ئەوە دوای دوو هەفتەیە و دوو هەفتەی دیكە هەندێک یاریزانمان بۆ دەگەڕێتەوە و یاریزانە نوێیەكان دەتوانن یاریی بكەن، بۆیە هیوادارم بتوانین دوو یاریی باش بكەین.
ریال مەدرید یان بایرن میونشن، یەكیان پاشای پاڵەوانییەتیەكەیە و ئەوی دیكەشیان رەنگە دووەم یاخود سێیەم بێت.
زۆر باش بوو كە گرێبەستمان لەگەڵ یاریزانی نوێ واژۆكرد، بە درێژایی وەرز بە بێ یاریزان ئازارمان چەشت.
سیتی تا ئێستا لە مێرکاتۆی زستانە سێ گرێبەستی راگەیاندووە، ئەوانیش عومەر مەرمووش لە یانەی ئێنتراخت فرانکفورت، عەبدولقادر خوسانۆڤ لە لانسی فەڕەنسی و ڤیتۆر رێیس لە پاڵمێراس.