یاریگا –
گۆڵپارێزی سەرەکی بارسێلۆنا بۆ یاریی کلاسیکۆ یەکلابووەتەوە، فلیک بڕیاریداوە یاریی بە چێزنی بکات.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا بڕیاریداوە لە یاریی سبەی بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا یاریی بە ڤۆیچێخ چێزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی بکات.
🚨 𝐍𝐎𝐓𝐈𝐂𝐈𝐀 𝐌𝐃: Szczesny gana enteros para ser titular contra el Madrid@ffpolo @RogerTorello https://t.co/vUWC6YZyEC
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) January 11, 2025
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی کلاسیکۆ، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا لەبارەی هەڵبژاردنی نێوان ئیناکی پێنا و ڤۆیچێخ چێزنی بۆ گۆڵپارێزی سەرەکی یارییەکەی سبەی گوتی :’خۆتان باش دەمناسن من هەرگیز باسی پێکهاتەی سەرەکی ناکەم، ئیناکی لە یاریی رابردوو لە نیوەی یەکەم ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، پێویستە پیشەگەرانە خۆمان بۆ ئەو یارییە ئامادە بکەین’.
چێزنی کە لە وازهێنانی لە یاریکردن پەشیمان بووەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کردووە، لەوەتەی پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکە کردووە تەنیا لە دوو یاریی بەشداریی کردووە، ئەوانیش لە جامی شا و سوپەری ئیسپانیا بوون، لە هەردوو یارییەکە گۆڵەکەی خاوێن راگرتووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
چێزنی لە یاریی رابردوو بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو لە جامی سوپەری ئیسپانیا سەرەکی بوو، کە بارسا 2-0 ئەو یارییەی بردەوە.