![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/01/Gg8g3H6WsAAOLth-780x470.jpeg)
یاریگا –
دوو رۆژ بەر لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا موژدە بە هاندەرانی ریال مەدرید دەدرێت.
شەوی رابردوو لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا ریال مەدرید 3-0 لە ریال مایۆرکای بردەوە و بۆ یاریی کۆتایی جامەکە سەرکەوت. بارسێلۆناش رۆژێک پێش ئەو 2-0 شکستی بە ئاتلێتیک بیلباو هێنابوو.
بەڵام بەرامبەر مایۆرکا فێدێریکۆ ڤالڤێردی یارییەکەی تەواو نەکرد و لە خولەکی 75 یاریگای جێهێشت، جود بێڵینگهامیش سەرەڕای تەواوکردنی یارییەکە هەستی بە ماندوو بوونێکی زۆر دەکرد. پاش یارییەکەش کارلۆ ئانچێلۆتی پشتڕاستیکردەوە هەردوو یاریزانەکە ماندوون و هەستیان بە ئازاری ماسولکە کردووە.
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/01/Gg8UCEYXQAA4W3M.jpeg)
بەڵام کەمێک لەمەوبەر تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید پێکانی نییە، سەرجەم یاریزانەکان بەشداری مەشقەکانی ئەمڕۆیان کردووە و بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا ئامادەن.
هاوکات ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید وێنەی مەشقەکانی ئەمڕۆی بڵاوکردووەتەوە و وەک دەردەکەوێت سەرجەم یاریزانەکان بەبێ کێشە بەشداری مەشقەکانیان کردووە.
یەکشەممەی داهاتوو لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر، ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ رووبەڕوو دەبنەوە.
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/01/Gg8Sdh-XoAA64e4.jpeg)