کاساس بۆ جامی کەنداوی 26 بانگهێشتی کامە یاریزان دەکات؟
لە عێراق هەمووان چاوەڕێی بڕیارەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەکەن
یاریگا –
کاساس خەریکی یەکلاکردنەوەی لیستی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ جامی کەنداوی 26، راهێنەرە ئیسپانییەکە لەم چەند رۆژەدا لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی بۆ جامی کەنداو یەکلا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی 13 رۆژی دیکە لە قەتەڕ کەمپێکی ئامادەکاریی بۆ پاڵەوانێتییەکە بکەنەوە.
خولی ئەستێرەکانی عێراق لەکاتی جامی کەنداو دەوەستێت؟
وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق پەیوەستە بەو یاریزانانەی کاساس بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتیان دەکات، ئەگەر لە هەر یانەیەک یاریزانێک یان دوو یاریزان بانگهێشت بکات، ئەوا خولی ئەستێرەکانی عێراق لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداوی 26 ناوەستێت، کە رۆژی 21ـی دیسەمبەر لە کوێت دەستپێدەکات.
عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێشتر رایگەیاندووە، داوایان لە کاساس کردووە لە هەر یانەیەک لە دوو یاریزان زیاتر بانگهێشتی جامی کەنداو نەکات بۆ ئەوەی لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە ناچار نەبن خولی ئەستێرەکان رابگرن.
هەمووان چاوەڕێی بڕیاری کاساس دەکەن بۆ ئەوەی لیستی یاریزانەکانی بۆ جامی کەنداو رابگەیەنێت، ئەوکات چارەنووسی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق یەکلا دەبێتەوە.
عێراق بە پێکهاتەی یەکەم بەشداریی دەکات، بەڵام کاساس چەند گۆڕانکارییەک دەکات
عێراق بڕیاریداوە هاوشێوەی سعوودیە بە پێکهاتەی یەکەم بەشداریی جامی کەنداو بکات، بەڵام کاساس دەیەوێت لە جامی کەنداو دەرفەت بە چەند یاریزانێکی نوێ بدات بۆ ئەوەی خۆیان بسەڵمێنن، چونکە بەشێک لە یاریزانەکانی ئەوروپا بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یانەکانیان ناتوانن بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەن.
لەبەر ئەوەی جامی کەنداو هێشتا لەلایەن فیفاوە دانی پێدانەنراوە و بەشێک نییە لە خشتە و بەرنامەی یارییەکانی فیفا، یانەکان دەتوانن رێگری لە یاریزانەکانیان بکەن بەشداریی جامی کەنداو بکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، کاساس دەیەوێت بانگهێشتی هیران ئەحمەد هێرشبەری کوردی یانەی قوە جەوییە بکات کە ئەم وەرزە بەشداریی 9 یاریی یانەکەی کردووە و لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 لەگەڵ جەوییە لە 4 یاری 2 گۆڵی کردووە.
دوای ئەوەی پیتەر گۆرگیس ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک وڵاتینامەی عێراقی وەرگرت، ئەویش یەکێک دەبێت لەو یاریزانانەی لەلایەن کاساسەوە بانگهێشت دەکرێت، لە یانەی هەولێریش پێشبینی دەکرێت ئوسامە رەشید یەکێک بێت لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان، ئەگەر پێکان رێگری لێ نەکات.
گەرچی خولی چیکی لەکاتی یارییەکانی جامی کەنداو ناوەستێت، بەڵام مێرخاس دۆسکی بەرگریکاری یانەی سلۆڤاکۆی چیکی داوای لە یانەکەی کردووە رێگای پێبدەن بەشداریی بکات، هێشتا چارەنووسی یاریزانەکانی دیکەی یانەکانی ئەوروپا نادیارە.
کاساس بەنیازە هەریەکە لە بەشار رسن، سەفا هادی، عەلی عەدنان و زورغام ئیسماعیل بۆ جامی کەنداو بانگهێشت بکات و جارێکی دیکە دەرفەتی پۆشینی درێسی هەڵبژاردەکەیان پێبداتەوە.
عێراق چۆن خۆی بۆ جامی کەنداو ئامادە دەکات؟
چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە کاساس لیستی یاریزانەکانی بۆ جامی کەنداو یەکلا بکاتەوە، بۆ ئەوەی رۆژی 13ـی دیسەمبەر لە دەوحە کەمپێکی مەشق و راهێنان بکەنەوە، لەوێ بۆ ماوەی هەفتەیەک خۆیان بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادە بکەن.
کاساس بڕیاریداوە لە دەوحە هیچ یارییەکی دۆستانە نەکەن، بەڵکو زیاتر کار لەسەر بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی یاریزانەکان دەکات، کە رۆژی 21ـی دیسەمبەر جامی کەنداوی 26 لە کوێت دەستپێدەکات و عێراق لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی سعوودیە و بەحرەین و یەمەن یاریی دەکات.
رۆژی 22ـی دیسەمبەر عێراق لە یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی یەمەن دەبێتەوە، ئینجا دواتر رۆژی 25ـی مانگ رووبەڕووی بەحرەین دەبێتەوە و رۆژی 28ـی دەسیمبەریش لە سێیەم یاریی کۆمەڵەکەی بەرامبەر سعوودیە یاریی دەکات.