یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 20:30 لە گەڕی دوازدەمی بۆندسلیگا، بۆڕووسیا دۆرتموند لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک میوانداریی بایرن میونشن دەکات.
راهێنەرانی هەردوولا پێش یارییەکە چی دەڵێن؟
نووری شاهین (بۆڕووسیا دۆرتموند): ئەم یارییە گەورەترین یارییە لە ئەڵمانیا، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە ئەم یارییە ببەینەوە، ئێمە بە شێوازێکی تایبەت خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە کردووە، جولیان براندت هێشتا تەواو ئامادە نییە، جارێک نازانین بۆ یارییەکە بەردەست دەبێت یان نا’.
ڤینسێنت کۆمپانی (بایرن میونشن): من زۆر حەز دەکەم بە شێوازێکی تایبەت خۆم بۆ ئەم جۆرە یارییانە ئامادە بکەم، ئەمە یاریی دێرکلاسیکێرە، دەمانەوێت ئەو یارییە ببەینەوە و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین، سەرجەم ئەو یاریزانانەی لە یاریی پاریس سانجێرمان ئامادە بوون، لەم یارییە بەردەست دەبن، بۆڕووسیا دۆرتموند تیپێکی بەهێزیان هەیە و خاوەنی ئەزموونن، یارییەکی قورس چاوەڕێمان دەکات، ئێمە نابێت گوێ بە قسەی خەڵکانی دیکە بدەین لەبارەی یاریزانەکانمان، خەڵکی هەندێکجار یاریزانەکانمان بە باش دەزانن و هەندێک رۆژیش دەڵێن خراپن، بۆیە هەڵسەنگاندنی خۆمان گرنگترە’.
راستییەکانی یاریی دێر کلاسیکێر
- بایرن میونشن لە دوایین 7 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان پارێزگاری لە گۆڵەکەی کردووە و 7 کلین شیتی تۆمارکردووە.
- بایرن میونشن بە 29 خاڵ پێشەنگی بۆندسلیگای گرتووە و 10 خاڵ لەپێشەوەی بۆڕووسیا دۆرتموند دێت کە لە پلەی پێنجەم دێت.
- وەرزی رابردوو بایرن میونشن لە بۆندسلیگا لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک 4-0 لە بۆڕووسیای بردەوە، دۆرتموندیش لە قۆناخی دووەم لە ئالیانز ئارینا 2-0 لە بایرنی بردەوە.
- هاری کەین بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی بۆندسلیگای گرتووە، سێرهۆ گیراسی گۆڵکاری ئەم وەرزەی دۆتموندە لە خولەکە، 6 گۆڵی کردووە.
- لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا، بایرن میونشن سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە و دۆرتموندیش بردنەوەیەکی هەیە و لە یارییەکەی دیکەش یەکسان بوون.
- بایرن میونشن بەهێزترین هێلی هێرشبردن و هێلی بەرگری لەم وەرزەی بۆندسلیگا هەیە، تاکە یانەیە لە خولەکە 36 گۆڵی کردبێت و تاکە یانەشە لەکۆی 11 گەڕی خولەکە تەنیا 7 گۆڵی لێکرابێت.
بێبەشبووەکانی یارییەکە
لە بۆڕووسیا دۆرتموند، ئێمری جان کاپتنی یانەکە بەهۆی سزادرانەوە لە یارییەکە بێبەش دەبێت، کەریم ئادیێمی بەهۆی پێکانەوە ئامادەی یارییەکە نابێت و گومان لە بەشداریکردنی جولیان براندت دەکرێت، نیکلاس شولێ تازە لە پێکانەکەی گەڕاوەتەوە و بەشداریکردنی لە یارییەکە مسۆگەر نییە.
لە بایرن میونشن، جواو پالینها و هیرۆکی و جۆسیپ ستانسیچ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە بێبەش دەبن، سڤین ئۆلرێخ بە هۆکاری تایبەت و کەسییەوە بۆ ئەم یارییە ئامادە نابێت و لە رووبەڕووبوونەوەی دۆرتموند بێبەش دەبێت.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
بۆڕووسیا دۆرتموند: کۆبێل، رێیرسن، ئانتۆن، شلۆتێربێک، بن سەبعینی، نمیچا، سابیتزەر، گرۆس، گیتێنس، گیراسی، بایەر.
بایرن میونشن: نۆیەر، لایمەر، ئۆپامیکانۆ، کیم، دەیڤیز، کیمیچ، گۆرێتسکا، ئۆلیز، موسیالا، کومان، کین.