یاریگا –
ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 07:45 چێڵسی و ئارسیناڵ لە گەڕی یازدەمی پرێمەرلیگ لە یاریگای ستامفۆرد بریدج بە ناوبژیوانیەتی مایکڵ ئۆلیڤەر بەیەک دەگەن.
ئارسیناڵ لە دێربییەکانی ئەمدواییە باڵادەستترە
ئارسیناڵ لە یارییەکانی ئەمدواییەی بەرامبەر چێڵسی باڵادەستترە، لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا ئارسیناڵ چوار بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە یارییەکەی دیکەش یەکسان بووینە.
ئارسیناڵ و چێڵسی لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەیاندا لە 22 یاری یەکسانبووینە، ئارسیناڵ 28 بردنەوەی بەدەستهێناوە و چێڵسیش 26 بردنەوەی لە دێربی لەندەن بەدەستهێناوە.
کێ لە دێربی لەندەن بێبەش دەبێت؟
لە ئارسیناڵ هەریەکە لە ریکاردۆ کالافیۆری و رەحیم ستێرلینگ بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەردەست نابن و پێکانیان هەیە، بەڵام دێکلان رایس گەرچی بەهۆی پێکانەوە لە یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر ئینتەر میلان بێبەش بوو، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم یارییە ئامادە بێت.
هێشتا هەریەکە لە تاکێهیرۆ تۆمیاسۆ و کیێران تیێرنی پێکانیان هەیە و لە ژووری پزیشکانی ئارسیناڵدان.
لە چێڵسی بە هەمان شێوە گومان دەکرێت کۆل پالمەر لە دێربی ئەمجارە بێبەش بێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت مارێسکا لە یارییەکە پشتی پێببەستێت کە پالمەر بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر مان یونایتد تووشی بوو، لە راهێنانەکانی یانەکەی دابڕاوبوو.
جەیدن سانچۆ بەهۆی نەخۆشییەوە لە بلووز دابڕابوو، بەڵام ئەویش لە گەڕانەوەی بۆ سەر لاکێشەی سەوز نزیکە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
چێڵسی (4-2-3-1): سانچێز، جەیمس، فۆفانا، چۆلویل، کوکورێیا، کایسیدۆ، لاڤیا، مادوێکی، پالمەر، نێتۆ، جاکسن.
ئارسیناڵ (4-3-3): رایا، وایت، سالیبا، گابریێل، تیمبەر، پارتی، رایس، ترۆسارد، ساکا، هاڤێرتز، مارتینێلی.
پێشبینی ژیریی دەستکرد بۆ ئەنجامی یارییەکە: ئارسیناڵ 2-1 دەباتەوە
ژیریی دەستکرد پێشبینی دەکات ئارسیناڵ کەمێک لە یارییەکە زیاتر چانسی بردنەوەی هەبێت، ژیریی دەستکرد لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت: گەنەرز لە یارییەکانی ئەمدواییە لە بلووز باشتر بووە و تیپێکی سەقامگیر و هاوسەنگی هەیە، ئەنجامی یارییەکە لەسەر توانای جەستەیی یاریزانەکان و پلانی راهێنەرەکان دەوەستێت، هەندێک وردەکاریی کەم یارییەکە یەکلا دەکەنەوە.
ژیری دەستکرد پێشبینی دەکات، ئارسیناڵ 2-1 لە چێڵسی بباتەوە و بوکایۆ ساکا و دێکلان رایس ئاستێکی بەرز لە یارییەکە پێشکەش بکەن.