مۆدریچ لە یاریی داهاتووی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ دوور دەخرێتەوە
یاریگا –
لۆکا مۆدریچ ئەستێرەی ریال مەدرید هەنگاوێک لەوەیکە بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی نەکات دوورە.
ئەمشەو لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ریال مەدرید دەبێت یارییەکی هەستیار و سەرنجڕاکێش بەرامبەر ئەی سی میلان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدات، ئەم یارییەش بۆ هەردوو یانە زۆر گرنگە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ریال هەلومەرجی باشی بەخۆیەوە نەبینیوە. دوای دۆڕاندنە قورسەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا لە رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیا و شکستی ڤینیسیۆس جونیۆر لە بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر گرنگی بەدەستهێنانی سێ خاڵ لەم یارییەدا دوو ئەوەندە کردووە.
سەرچاوە نزیکەکانی ریال مەدرید ئاماژەیان بەوە کردووە کە مۆدریچ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم یارییەدا لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەیدا یاری دەکات، پێدەچێت پشتبەستنی ریال بەم ئەستێرە کرواتییە تەمەن 39 ساڵە و ئاستە درەوشاوە و شێوازی یاریکردنی لە یاریگادا بەتایبەتی دوای رۆیشتنی تۆنی کرۆس زیادی کردووە.
بەڵام نیگەرانییەکی زۆر جددی بۆ ستافی تەکنیکی و هاندەرانی ئەم تیپە هەیە. ئەگەر مۆدریچ لەم یارییەدا بە هەر هۆکارێک کارتی زەرد وەربگرێت، ئەوا ناتوانێت یاوەری یانەکەی لە یارییە گرنگ و هەستیارەکەی داهاتوودا کە بەرامبەر لیڤەرپوولە بکات، ئەمەش زیانێکی زۆری بۆ ئەم تیپە دەبێت.
یاریی داهاتووی ریال مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانانی ئەوڕوپا لە بەرورای 27 ئەم مانگە لە یاریگای ئانفیڵد بەڕێوە دەچێت.