مەرجی نێوان کارگێڕی دهۆک و عزەدین عەسکەری راهێنەر بزانە
یاریگا –
دهۆک عزەدین عەسکەری وەک راهێنەری تیپەکەی دەستنیشانکرد و مەرجی نێوانیشیان سەرخستنەوەی تیپەکەیە.
دەستەی کارگێڕی دهۆک عزەدین عەسکەر راهێنەری وەرزی رابردووی زاخۆیان وەک راهێنەری تیپەکەی بەشدار لە خولی پلە یەکی کوردستان دەستنیشانکرد و چەند مەرجێکیش لە نێوان هەر دوولا بوونی هەیە.
دهۆک ئەم وەرزە ئامانجی سەرەکیان گەڕانەوەیە بۆ ریزی نایاب و لە پاڵ ئەوەشدا گرینگی بە یاریزانی لاو دەدەن، دەربارەی ئەگەر و مەرجەکانی نێوانیان، عزەدین عەسکەر راهێنەری تازەی دهۆک تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:
مەرجی گرێبەست لە نێوان من و دەستەی کارگێڕی تیپەکە ئەوەیە ناوی دهۆک لە خول و ریزبەندیەکان شایستە بە ناوەکەی بێت، دەمانەوێ جارێکی تر دهۆک بگەڕێتەوە خولی نایابی کوردستان و لەوێش ببێتەوە ژمارەیەکی قورس، لەگەڵ بە دەستهێنانی ئەنجامی باش ئامانجێکی ترمان هەیە ئەویش پێگەیاندنی یاریزانی لاوە و ئامادەکردنیان بۆ تیپی دهۆک بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ئەوەی زۆرترین سود لە یاریزانی لاو وەربگیرێت، رۆژی سێشەممە 15ـی ئۆکتۆبەر مەشقەکانمان دەستپێدەکەین.
لە وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان دهۆک 36 خاڵی بە دەستهێنا و بە جیاوازی گۆڵ دابەزی بۆ ریزی خولی پلە یەکی کوردستان، ئەم وەرزە یانەکە لە سەر دەستی راهێنەرە کەرکوکیەکە دەیەوێ جارێکی بگەرێتەوە ریزی نایاب و ئەنجامی دڵحۆشکەر بە دەستبهێننەوە.