کوردستان

ئاراز ئەنوەر سۆرانی جێهێشت و گرێبەستی لەگەڵ یانەیەکی پایتەختی کوردستان واژۆکرد

Yariga App

یاریگا –

ئاراز ئەنوەر یاریزانی وەرزی رابردووی سۆران ریزی یانەکەی جێهێشت و بە فەرمی لەگەڵ یانەیەکی هەولێر گەیشتە رێکەوتن.

دوای دابەزینی یانەی سۆران لە  نایابی کوردستانەوە بۆ ریزی خولی پلە یەکی کوردستان، کۆمەڵێک یاریزان وازهێنانی خۆیان لە یانەکە راگەیاند و وەرزی داهاتوو بەردەوام نابن، یەکێک لەو یاریزانانە کە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد ئاراز ئەنوەری ناوەڕاستکارە کە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان 2024 _ 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەندرێنی شاری هەولێر واژۆ کردووە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاراز گوتی؛

زۆر سەخت بوو بریاری جێهێشتنی سۆران، بەڵام ئێمە یاریزانین زۆر ئاسایی یە لە یانەیەکی تر یاریی بکەین، هیوادارم جارێکی تر دەرفەتی ئەوەم هەبێت خزمەتی سۆران و جەماوەری بکەمەوە چونکە بەراستی شانازی دەکەم بە پۆشینی درێسی سۆران، سوپاسی دەستەی کارگێڕی دەکەم دەخوازم سەرکەوتووبن لە داهاتوو، سوپاسی هاندەران دەکەم هەموو کات پاڵپشتی ئێمە و تیپەکە بوون، لە هەر کوێیەک بم هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و رۆڵیان لە بیر ناکرێت چونکە شایستەی باشترینن.

ناوەڕاستکارەکەی پێشووی سۆران و ئێستای هەندرێن دوای هەر یەک لە ئەحمەد سەگر و رەنجاو موسلیح و حوسێن فەیسەڵ بووە چوارەم یاریزان بە فەرمی ریزی تیپەکە جێبهێڵت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتووشدا گەیلان سادقی گۆڵپارێزی سۆران مافی دەستبەرداربوون وەربگرێت و روو لە یانەیەکی تر بکات.

لە ماوەی دوو وەرزی رابردووشدا ئاراز لەگەڵ سۆران خاوەن 12 ئەسیست و چوار گۆڵ بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button