ریبێری و هاندانۆڤیچ نوێترین راهێنەرانی ئەورووپان
فرانک ریبێری و سەمیر هاندانۆڤیچ نوێترین دەرچووی خولی یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی راهێنەرایەتی جۆری “ئەی”.
یوێفا “ئەی” دووهەم بەرزترین مۆڵەتی راهێنەرانە لە ئەورووپا و هەڵگرانی دەتوانن ببنە راهێنەری یەکەمی، سەرجەم تیمەکانی لاوان، سەرجەم تیمەکانی ئافرەتان و تیمەکانی پیاوان تاوەکو پلە سێی خولەکان. بەڵام بۆ راهێنەرایەتی پلە یەک و دوو پێویستە راهێنەران خاوەنی مۆڵەتی جۆری “پڕۆ” بن.
خولەکە تایبەت بوو بەو کەسانەی لە ئیتاڵیاوە داوای مۆڵەتیان کردووە. ریبێری لە سالێرنیتانا وازی لە یاریکردن هێنا و هاندانۆڤیجیش هەر لە ئیتاڵیا وازی هێنا و راهێنەری تیمی بەچکە شێرانی ئینتەرە.
جگە لە دوو ئەستێرەیەی پێشووی یاریگاکانی ئەورووپا، چەند یاریزانێکی دیکەش دەرچووی خولەکەن وەک دۆمێنیکۆ کریشیتۆ، ئەلیساندرۆ دیامانتی، گایتانۆ بێراردی.
هەروەها جیانکارمۆ پیۆڵی کوڕی راهێنەری پێشووی میلان ستیفانۆ پیۆڵی توانیی 110 لە 110 بهێنێت لە تاقیکردنەوەی کۆتاییدا و پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.