عێراقگرنگترین

دوو رۆژ مۆڵەت دراوەتە هەولێر راهێنەرێک بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان بکات

بەو مەرجەی بڕوانامەی پرۆی هەبێت

Yariga App

یاریگا –

دوو رۆژ مۆڵەت دراوەتە هەولێر بۆ ئەوەی راهێنەرێک بۆ بەشداریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان بکات، بەو مەرجەی بڕوانامەی پرۆی هەبێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، لێژنەی مۆڵەتدان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە نووسراوی فەرمی یانەکانی هەولێر و دهۆکی ئاگادار کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی لە دەستەی راهێنەران هیچ یەکێکیان بڕوانامەی پرۆیان نییە، دەبێت تاوەکو رۆژی سێشەممە راهێنەرێک کە هەڵگری بڕوانامەکە بێت وەکو راهێنەری یانەکە دەستنیشان بکەن.

یانەی دهۆک دوێنێ شەممە (8ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2024) بەفەرمی ئەندریێس گارسیا راهێنەری ئیسپانی وەکو یاریدەدەری مەسعود مەرال دەستنیشانکرد، کە بڕوانامەی پرۆی هەیە و لە ئیسپانیا و سوید و ئیکوادۆر کاری کردووە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، لەبەر ئەوەی سەمیر بابۆ بڕوانامەی پرۆی نییە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو یانەی هەولێر راهێنەرێک کە هەڵگری بڕوانامەی پرۆ بێت، وەکو یاریدەدەری بابۆ دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی رێنمایی و یاساکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێبەجێ بکات.

وابڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە هەولێر بە سەرپەرشتی سەمیر بابۆ لە یاریگای برووسک درێژە بە مەشق و راهێنانەکانی بدات و سبەی یانەکەی قەڵاومنارە لە یاریگای هەندرێن لە یارییەکی ئامادەکارییدا رووبەڕووی دهۆک دەبێتەوە.

لەسەر ئاستی کوردستان تەنیا دوو راهێنەری کورد بڕوانامەی پرۆیان هەیە کە بریتین لە وەلی کەریم راهێنەری پێشووی نەورۆز و ئێستای کارەبا و سلێمان رەمەزان راهێنەری پێشووی دهۆک، کە ئەم هاوینە لە بەغدا بەشداریی خولێکیان کرد بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button